سوپای ئەمریکا کوژرانی چەندین سەرکردەی دیاری داعشی لە خاکی عێراق راگەیاندو ئاماژەی بەوەداوە، "بەرپرسی سەرجەم کردەوەکانی داعش لە عێراق کوژرا".
ئەمڕۆجەنەڕاڵ مایکل کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای (سینتکۆم)، لە بەیان نامەیەکدا ئاشکرایکرد، هێزەکانی ئەمریکاو هێزە ئەمنیەکانی عێراق، لە رۆژی (٢٩) ئابی رابردوو، هێرشێکی هاوبەشیان لە خۆرئاوای عێراق ئەنجامدا، تیایدا (١٤) ئەندامی داعش کوژران.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ئۆپراسیۆنە، سەرکردەکانی رێکخراوی داعشی کردە ئامانج، لەپێناو لاوازکردنی توانای ئەو رێکخراوە لەپلاندانان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی عێراق و، هاوڵاتیانی ئەمریکاو هاوپەیماننان و هاوبەشەکان، لەسەرانسەری ناوچەکەو دەرەوەش.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەخت دەکات، لە کوشتنی چوار سەرکردەی داعش، کە ئەوانیش: ئەحمەد حامید حسێن عەبدولجەلیل ئەلعیساوی، بەرپرسی سەرجەم کردەوەکانی داعش لە عێراق، ئەبو هەمام، بەرپرسی سەرجەم کردەوەکان لە خۆرئاوای عێراق، ئەبو عەلی تونسی، بەرپرسی پێشخستنی توانا تەکنیکیەکان، شاکر عەبد ئەحمەد ئەلعیساوی، بەرپرسی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە خۆرئاوای عێراق.
باسی لەوەشکردوە، فەرماندەیی ناوەندیی پابەندە بە تێکشاندنی هەمیشەیی داعش، کە درێژە بە هەڕەشەکانی دەدات بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و، هەڕەشەکردن لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ھەرێمی.