ئاسایشی ھەولێر: خاوەن و بەکارھێنەری گروپی "مەلەفە زەخمەکان" دەستگیرکرا

  2024-09-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاسایشی ھەولێر دەستگیرکردنی خاوەن و بەکارھێنەری گروپی "مەلەفە زەخمەکان" راگەیاند و دەڵیت، وێنە و ڤیدۆی نەشیاوی چەندین پیاو و ژنی تۆمارکردووە و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی بڕێکی زۆر پارەی وەرگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن چەند ھاووڵاتییەک سکاڵا تۆمارکرا لەسەر ھەژماری "دادە تیک تۆک"، کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدۆی و وێنەی لە چەند کەسێک کردبوو، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی ھەولێر و لەڕێگەی تیمی تەکنیکی و دوای ئەنجامدانی بەدواداچوونەکان، توانیان شوێن و ناسنامەی بەکارھێنەری ھەژماری "دادە تیک تۆک" ئاشکرابکەن و دەستگیری بکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، کە ئەو تۆمەتبارە خاوەنی گروپی "مەلەفە زەخمەکان"ـە، لە تەلەگرام و خاوەنی ھەژماری "شوخان"ـە لە سناپچات.

ئاسایشی ھەولێر ئاشکراشیکرد، لەبەر ئەوەی تۆمەتبارەکە کەسێکی شارەزا بووە لە بواری تەکنیکی و لە شێوازی گفتوگۆکردندا، توانیویەتی دەنگی خۆی بۆ ژن بگۆڕێت، وێنە و ڤیدۆی نەشیاوی چەندین پیاو و ژنی تۆمارکردووە و لە بەرانبەر بڵاونەکردنەوەی وێنەکانیان بڕێکی زۆر پارەی وەرگرتووە.