دەستەی دەستپاکی عێراق، سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بە غیابی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەف و سێ لە ئەندامانی پێشوو دەرکرد، ئاماژەی بەوەش کرد سزادراوەکان لە گرێبەستێکدا بە بەهای 72 ملیۆن دۆلار گەندەڵیان کردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە بەیاننامەیەکەدا بڵاویکردەوە "دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەند، سزای 10 ساڵ زیندانی بە غیابی و پێبژاردنی 10 ملیۆن دینار بۆ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی ئیدارەی فڕۆکەخانەی نەجەف "فائد کازم نوون حوسێن شەمەری" و سێ ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە بریتین لە "حوسێن نیعمە خەشان شناوا زاملی، کەریم خەساف ستار خەفاجی، مستەفا موعن سەعید تریحی"، بەهۆی پێشێلکردن لە گرێبەستی ئامادەکردنی بەیاننامە بۆدروستکردنی رێرەوی نوێی فڕین بۆ فرۆکەخانەی نەجەف و رێرەوی تاکسیەکان.
دەستەکە باسی لەوەشکردووە "بەهای گرێبەستەکە بە بڕی 71 ملیۆن و 959 هەزار دۆلاری ئەمەریکی بووە، بە بانگهێشتکردنی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی کۆمەڵەیەکی کۆمپانیاکان کراوە، و پڕۆژەکە وەک تەندەرێکی گشتی ڕانەگەیەندراوە، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی پرۆژەکە بکات.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "دادگا، دوای پێداچونەوە بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا هەبوون، بڕیاری زیندانی بۆ ماوەی 10 ساڵ و سزای پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری لە دژی ئەو تۆمەتبارانە دەرکرد".