لەسەر پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ قائیمقامی قەزاکە وەڵامی عەبدوڵای کوێخا موبارەک دەداتەوە و دەڵێت، "دەڵێت کارکردن لە پرۆژەکە رانەگیراوە".
ڕەمک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند: پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەمال ڕانەگیراوە و کارەکانی زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، ئەگەر کێشەک بۆ پڕۆژەکە هەبێت ئەوا کێشەکە داراییە و پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و شارەوانی و پلاندانانەوەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە: سەرچاوەی ئاوەکە دیاریکراوە و پاکراوەتەوە، لەگەڵیدا دروستکردنی سێ حەوزی ئاو لە قۆناغی تەواوبوندان، ئاراستەی بۆڕییەکانیش دیاریکراون کە ٥٨ کیلۆمەترەو ١٤ کیلۆمەتری ئامادەیە بۆ ڕاکێشانی بۆڕی، بینای کارمەندان تەواو بوە و کار لە دروستکردنی حەوزی پاڵاوتن و حەوزی نیشتن بەردەوامە.
باسی لەوەشکردوە: لەو ماوە کەمەدا هەر ئەوەندە دەکرێت، چونکە ١٢ی (ئاب/٨) کۆمپانیای جێبەجێکاردەستبەکاربوە لە پڕۆژەکەدا.
ئەم قسانەی رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ لەکاتێکدایە، عەبدوڵای کوێخا موبارەک بەرپرسی سەربازی پارتی لە سنورەکە ئەوەی بڵاویکردەوە 'کە، پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ ڕادەگیرێت و، بەرپرسێکی باڵا و لایەنێک ڕێگرن لە پێدانی سلفەی کۆمپانیاکە، وتراوە چەمچەماڵ شایەنی ئەو پارە زۆرە نیە بۆی سەرف بکرێت".