قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە دەباشان پێشوازی لە میری ئێزیدییان میر حازم تەحسین بەگ و هاوژینی کرد و پشتیوانی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ خوشک و برایانی ئێزیدی دووپات کردەوە.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە (9 / 11/ 2024) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە کە ماڵی مام جەلال وەک هەمیشە ماڵی هەموو ئێزدییەکانە و سڵاو و ڕێزی تایبەتی سەرۆک بافڵ-یشی پێگەیاندن.
میر حازم تەحسین و شاندی میوان ستایشی رۆڵی سەرۆک مام جەلالیان کرد لە بەرگریکردن لە کوردانی ئێزدی و خۆشحاڵی خۆیان بۆ تێگەیشتنی یەکێتی و سەرۆکایەتییەکەی لە خەموژانی ئێزیدییەکان دەربڕی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی هەماهەنگی لە نێوان یەکێتی و ئێزیدییەکان.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگی زانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ژمارە 8 ساڵی 2021 کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی کردووە، لە هەرێمی کوردستانیش بەرکار بکرێت و کاری پێ بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هاوژینی میری ئیزیدییان داوای کرد هەموو لایەک هاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی «گوتاری رق و کینە» و لە مبارەیەشەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا هەمووان هاوڕابوون لەگرنگی بەشداریکردنی ئێزیدییەکان لەسێکتەرە جیاجیاکانی دەسەڵات و دیاری کردنی نوێنەری تایبەت بە خوشک و برایانی ئێزیدی لە پێگەکانی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان. هەر بۆ ئەو مەبەستەش، قوباد تاڵەبانی ئەوەی بەگرنگ زانی کە لە حکومەتی داهاتوودا خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.