سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی راگرتنی نەوتی ھەرێمەوە، ساڵانە عێراق 20 ملیار دۆلار زیانی بەر دەکەوێت، بۆیە لیژنەیەکی راوێژکاری سەردانی ھەرێم دەکات و هەڵسەنگاندن بۆ تێچوی دەرھێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات، دەشڵێت، "لایەنی سێیەم لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، توركیایە و پێویستە لەگەڵ ئەوانیش رێککەوتن بکرێت".
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، پرسێکی زۆر گرنگە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و لەناو یاسای بودجەشدا بڕگەیەکی تایبەت بە نەوت ھەیە، کە نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرێت یاخود ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت، کە ھەردوو بژاردەکە جیاوازییان ھەیە، چونکە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ بودجەی عێراق هەیە و بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگە نەوتی هەرێم ھەناردە بکرێتەوە.
وتیشی، لە دوابڕیاری ئەنجوومەنی وەزیراندا پێشنیاز کراوە تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی ھەرێمی کوردستان 16 دۆلار بێت، بەهۆی ئەوەی سرووشتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جیاواز و قورسترە، بۆیە تێچووی زیاتری بۆ کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەوێت، لەبەر ئەوە لیژنەیەکی راوێژکاری دێتە ھەرێمی کوردستان و ھەڵسەنگاندن بۆ ھەر کێڵگەیەکی نەوت دەکات، تا بزانن تێچووی چەندە، کە ھەر کێڵگەیەک تێچووی جیاوازە لەگەڵ یەکێکی دیکە، بۆیە ئەو لیژنەیە کاری خۆی دەکات بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ھەرێمی کوردستان پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە زۆر گرنگە و پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و تورکیا ئەو پرسە چارەسەر بکات، چونکە لایەنی سێیەم لە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، تورکیایە، لەبەر ئەوەی لە رێگەی تورکیاوە نەوتی ھەرێم ھەناردە دەکرێت، بۆیە پێویستە لەگەڵ ئەوانیش رێککەوتن بکرێت.
باسی لەوەشکرد، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە، بۆیە کە رێککەوتن لە نێوان ھەردوو حکوومەتدا کرا، کە ھەناردەکردنەوەی نەوت لە بودجەشدا باس کراوە، دێتە پەرلەمان و ئەوکات گرفتی بۆ دروست ناکرێت و دەتواندرێت یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و تێیدا رێککەوتنەکە جێگیر بکرێت و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە ئەو پرسە بکرێتە ئەولەویەت و بە زوویی چارەسەر بکرێت، چونکە بە هۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، عێراق ساڵانە 20 ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت، بۆیە گرنگە بە زوویی رێککەوتن بکرێت و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە".