وەزیری پێشمەرگە: دەمانەوێت تا کۆتایی (٢٠٢٦) هێزی پێشمەرگە یەکبخەینەوە

  2024-11-16  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پێشمەرگە لە مەراسیمی خولێکی نوێی دەرچوانی پێگەیاندنی ئەفسەران لە قەڵاچوالان رایگەیاند، "دەمانەوێت تا کۆتایی (٢٠٢٦) هێزی پێشمەرگە یەکبخەینەوە".


شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لە ئاهەنگی چوارەمی خولی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەلاچوالان رایگەیاند: دەمانەوێت تا کۆتایی (٢٠٢٦) هێزی پێشمەرگە یەکبخەینەوە وچارەنوس و داهاتووی کوردستان بەندە بە بوونی سوپایەکی بەهێزو خاوەنی توانای سەربازیی پێشکەوتوو.

ئاماژەی بەوەشدا: ئامانجمان بنایتانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیە، کە پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکات، وێڕای گرفت و ئاستەنگەکان، توانیومانە بەشێکی زۆری کارنامەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێبکەین لە رێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

باسی لەوەشکرد: ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی (٢٠٢٦) یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کۆتایی پێبێت، ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیماننان لە چاکسازی و پێکهێنانی سوپای یەکگرتووی کوردستانهاوکارمانن.

لەکۆتایدا وەزیری پێشمەرگە هێمای بۆ ئەوەکرد: داوا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم هاوکارو یارمەتیدەرمانبن لەم پرۆسە نیشتمانیەو یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.