بیمەی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکرێت

  2024-11-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاییە بۆ هەر پێشمەرگەیەک تووشی نەخۆشی دەبێت و پێویستیی بە چارەسەری تەندروستی یان نەشتەرگەری دەبێت، لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان چارەسەری بۆ دابین دەکرێت و 70%ـی خەرجییەکانی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.

د. ڕەزا ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکیی گشتیی پێشمەرگە ڕایگەیاند، "هەر پێشمەرگەیەک دەتوانێت لە ڕێگەی سیستەمەکەوە نووسراوێکی ڕاستەوخۆ بکات، پاشان لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتمەندی پزیشکییەوە بڕیاری لەسەر دەدەرێت کە چۆن لە ڕێگەی نەخۆشخانە تایبەت و حکومییەکان چارەسەر وەربگرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە "ئەو پێشمەرگانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لە ڕێگەی سیستەمی بیمەی تەندروستییەوە بەشێک لە چارەسەرەکانیان وەردەگرن و هەر پێشمەرگەیەک ڕێگەپێدانی پێشوەختەی هەبێت بۆ چارەسەرکردن تاکوو ڕێژەی 70% گەڕانەوەی خەرجی بۆ دەکرێت".

لەبارەی ئەو پێشمەرگانەشەوە كە ڕێگەپێدانیان نییە، وتی، "ئەو پێشمەرگانەی بە هەر هۆکارێک ڕێگەپێدانیان نەبێت، لە ڕێگەی لیژنەی پزیشکییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و تاکوو 25% گەڕانەوەی خەرجی چارەسەرییەكەی بۆ دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی بیمەی تەندروستیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ خزمەتكردنی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگەیە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا خزمەتگوزاریی بیمەی تەندروستی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر دەکرێت، کە جگە لە خودی پێشمەرگەکە، خێزانەکەشی دەتوانێت لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند بێت.