بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ خەڵکی سوریا تەواو جیاوازبوو، لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا بەشار ئەسەد سەرۆکی وڵات هەڵهات و دیمەشقی پایتەختیش رووخا دواتر خەڵک رژانە سەر شەقام و ئاهەنگی ئازادیان گێڕا
لەگەڵ نزیک بوونەوەی چەکدانی تەحری شام لە دیمەشقی پایتەخت، بەوتەی فەرماندە سەربازییەکان، بەشار ئەسەد سەرۆکی وڵات هەڵهاتوە، بەڵام تائێستا روون نەبوەتەوە فرۆکەی سەرۆکە هەڵهاتوەکە بەرەو کام وڵات فڕیوە
لەگەڵ تاریکی بەرەبەیاندا، تەقە گەیشتە دیمەشق و دوای ماوەیەکی کورت چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، تەلەفزیۆنی فەرمی حکومەت و فڕۆکەخانەی دیمەش و کۆشکی سەرۆکایەتیان کۆنترۆڵکرد
دوای ئەوەی رۆژ بووە و خەڵک رژانە سەر شەقامەکانی دیمەشق بۆ ئاهەنگگێڕان، دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایانگەیاند: "گەلی ئازادی سووریا رژێمی بەشارئەسەدیان رووخاند".
هاوکات، گروپە چەکدارەکان، کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەی سێدنایای راگەیاند، کە یەکێکە لە گەورەترین گرتووخانەکانی سووریا و کەوتووەتە دەروازەی دیمەشق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی گرتووخانەکەش، سەرجەم زیندانییەکانیان ئازاد کرد و رایگەیاند "ئێمەش لەگەڵ گەلی سووریا ئاهەنگ دەگێڕین".
لەدوای گەیشتنی چەکدارانی تەحریر شام بۆ نێو شاری دیمەشق، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرجەم چەکدارانی کرد، باڵەخانە حکومی و دامودەزگە گشتییەکان بپارێزن، داواشی لە سوپای سووریا کرد بەهیچ شێوەیەک لەنزیک باڵەخانە حکومییەکان نەمێنن.
ئاماژەی بەوەشدا: تاوەکو قۆناغی دەستاودەستکردنی دەسەڵات، محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سووریا، هەر لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە و کارەکان رایی دەکات.