گروپەکانی نزیک لە تورکیان هێرشیان بۆسەر مەنبج دەستپێکرد

  2024-12-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هێرشیان کردە سەر ناوچەی مەنبج کە لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵ کراون، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی مەنبج رایگەیاند، " لە ئێستادا پێکدادانی توند لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ ڕوودەدات لەنێوان شەڕڤانان و بەکرێگیراوەکانی تورکیادا".

ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا، بەکرێگیراوانی تورکیا بە پاڵپشتی ئاسمانیی دەیان هێرشیان کردە سەر ناوچەی مەنبەج، کە هەموو ئەو هێرشانە لەلایەن هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج پووچەڵکرانەوە.

باسی لەوەشکردوە: بەکرێگیراوان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا خێرایی هێرشەکانیان لە سەرجەم میحوەرەکانی مەنبەج زیادکرد، لە ئێستادا پێکدادانی توند لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ ڕوودەدات لەنێوان شەڕڤانان و بەکرێگیراوەکانی تورکیادا.

دەشڵێت: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە پاڵپشتی ئاسمانیی تورکیا و زرێپۆشەکانی کە بۆ بەکرێگیراوەکانی دابینکردووە، کۆمەڵێک بەکرێگیراو بە زرێپۆشەوە لە دەروازەی باشووری شارەکە پێشڕەوییان کرد و لەوێ کەوتنە بۆسەی هێزەکانمانەوە و  تێکشکێنران.

ئەنجومەنی سەربازی منبج ئەوەشی رونکردوەتەوە کە، بە ئامانجی دروستکردنی فشاری دەروونی لەسەر خەڵک، هەندێک لە شانە بەکرێگیراوەکان لە ناو شارەکەدا جوڵەیان کرد بۆ هاندانی ترس و بڵاوکردنەوەی ئاژاوە،  لە ئێستادا پێکدادان لە دەروازەی شارەکەدا بەردەوانە.

لە کۆتایدا ئەنجومەنەکە هاوڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە، ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج کە هەزاران قوربانی داوە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەموو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، متمانەی تەواویان بە توانای شەڕڤانەکانی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە شانبەشانی خەڵکی مەنبەج دژی داعش و ڕێکخراوە بەکرێگیراوەکان.