بەدور نازانرێت سیستانی فەتوای هەڵوەشاندنەوەی حەشد دەربکات

  2024-12-18  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تادێت فشارەکان لەسەر حکومەتی عێراق زیاتر دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، رۆژنامەی العرب لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، "بەدور نازانرێت سیستانی فەتوای هەڵوەشاندنەوەی حەشد دەربکات".

رۆژنامەی (العرب) لە راپۆرتێکی بڵاوکراوەییدا ئەوەی بڵاوکردوەتەوە کە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات زۆرترین سود لە شکستی حزبوڵا و روخانی رژێمی ئەسەد ببینێت، بۆ فشارکردن لە سەرۆکی حکومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کە لەژێر چەتری هێزە حکومییەکاندا کاردەکات و، لێدانی گورزێکی بەهێز لە هەژمونی ئێران لە عێراق. 

ئاماژەی بەوەشداوە: هەروەک چۆن حەشدی شەعبی بە فەتوای جیهادی کیفائی لەلایەن عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەکانەوە پێکهاتووە، ئەوا هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیا هاوپەیمانەی ئێران پێویستی بە فەتوایەکی نوێی مەرجەعییەتە، کە هانی بەدورگرتنی عێراق دەدات لە دەستوەردانی دەرەکی و دورخستنەوەی لە نەهامەتیەکانی جەنگ.  

رۆژنامەکە ئەوەشی وتوە: راگەیاندنی فەتوایەکی لەوشێوەیە بەدور نازانرێت لەبەر رۆشنایی ئەو پەیوەندییە دەرەکییانەی لەگەڵ سیستانی ئەنجامدەدرێت، کە دواینیان دیداری نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لەماوەیەکی کورتدا دووجار سەردانی کردووەو، لەدواین سەردانیدا وتی، بڕیارە یەکلاکەرەوەکان کاتی هاتووە.

سەرچاوە عێراقییە ئاگادارەکان کە بۆ رۆژنامەکە قسەیان کردوە باسیان لەوەکردوە کە، سودانی روبەڕوی دۆخێکی نائاسایی بووەتەوە، بەتایبەت دوای دیدارەکەی لەگەڵ وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنی بلینکن، کە داوای لێکرد رێوشوێنی خێراو یەکلاکەرەوە دژی میلیشیاکان بگرێتەبەر ، لەسەرویانەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و، لێدان لەهەر گروپێک کە رادەستی چەک بەدەوڵەت رەتبکاتەوە.

ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا بە میلیشیاکان راگەیەندراوە، هەندێکیان خۆی ئامادە دەکات بۆ خۆبێبەریکردنی لە ئێران و جەختکردن لەوەی تەنها کار بۆ بەرژەوەندی عێراق دەکات و، پابەندی بڕیاری فەرمی دەبێت لەبارەی دەستوەرنەدان لە سوریا.

بەڵام پێناچێت هەموو میلیشیاکان بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە رازیبن، کە ئەوەش وادەکات بکەونە بەردەم گورزی بەهێزو چڕ لەلایەن ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.