هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، داعش سود لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و گروپەكانی وەردەگرێت بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێزەکانمان دەکاتە ئامانج، دەشڵێت، "داعش لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ژماریەك كردەوەی تیرۆرستیان لەناوچەكانی دێرەزۆر ئەنجامداوە كە بوەتە هۆی شەهیدبوونی دوو شەڕڤانمان.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەبەر ڕۆشنایی ئەو گرژییەی کە لە سوریا هەیە و هێرشەکانی تورکیا و گروپەكانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سەرقاڵبونی هێزەکانمان بە بەرپەچدانەوەی هێرشەکان لە سەرجەم ناوچەکانمان، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەوڵدەدات ئەو بارودۆخە بقۆزێتەوە کە لە خاکی سوریادا هەیە بۆ زیندوکردنەوەی خۆی".
ئاماژەی بەوەشكرد، "داعش هەوڵی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی دەدات، بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئارامترین و سەقامگیرترین ناوچەی سوریایە".
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە شانەكانی داعش ژمارەیەك كردەوەی تیرۆرستیان لە ناوچەی مركدە لە ڕۆژهەڵاتی دیرەزور ئەنجامداوە كە بوەتە هۆی شەهیدبوونی چەکدارێکی هێزە یاساییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، شانەیەكی داعش لەكردەوەیەكی دیكەدا ئۆتۆمبیلێکی هێزەكانی هەسەدەی له شارۆچکەی شەحیل کرده ئامانج، کاتێک خاڵێکی سەربازی بەجێدەهێڵێت و بەئامانجگرتنەکەش بوە هۆی شەهیدبونی یەکێک لە شەرڤانەكانیان.
دەشڵێت، "شانەیەکی دیکەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە وێستگەی ئاوی شارۆچکەی دیبانی بە گولـلەیەکی ئاڕ پی جی کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا تەنیا زیانی ماددی بە وێستگەکە گەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی تۆمار بکرێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی هەسەدە، "ئەو هێرشانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە شاهیدی گرژییە ئەمنییەکانە کە هاوکاتە لەگەڵ هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و گروپەكانی بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەوەش ڕون بوەتەوە کە هەرکاتێک داگیرکەر بكەوێتە جوڵە، ئەو گروپانە هێرش ئەنجامدەدەن، ئەوەش پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان ڕێکخراوی تیرۆریستی و داگیرکەر ڕون دەکاتەوە".