یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان زانیاری نوێ لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ئاشکرا دەکات و وتەبێژی ئەو حزبە دەڵێت، "پێش نەورۆز کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێندرێت".
سەڵاحەدین بابەکر، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: گفتوگۆکانی هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە زۆر بەرەوپێشچوون، لیژنە هونەرییەکانیان سەرقاڵی نووسینی کارنامەی حکومەتن".
ئاماژەی بەوەشداوە: بەپێی زانیارییەکانمان پێش نەورۆز کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەھێندرێت".
ئەم قسانەی وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کاتێکدایە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چەندین کۆبوونەوەیان بەمەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی کوردستان ئەنجامداوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رانەگەیەندراوە.