وەزیری بەرگری سووریا: بوونی هێزێكی تایبەت بە کورد لەناو وەزارەتی بەرگری سوریا ڕەتدەكەینەوە

  2025-01-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری بەرگری لە حكومەتی كاتی سوریا ڕایگەیاند، بوونی هێزێكی تایبەت بە کورد لەناو وەزارەتی بەرگری سوریا ڕەتدەكەنەوە و پێویستە هێزەكانی سوریای دیموكرات بچنە ناو وەزارەتی بەرگری و بەگوێرەی رێوشوێنی سەربازی و بە ریزبەندی لەسەرەوە بۆ خوارەوە دابەشدەكرێن.

مورهیف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری لە حكومەتی كاتی سوریا ڕایگەیاند، كارێكی دروست نییە چەكدارە كوردەكان كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن و لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریان، خاوەن یەکەیەکی تایبەت بەخۆیان بن لەناو هێزە چەكدارەكانی سوریا.

وتیشی، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پرسی تێكەڵكردنی هێزەكاندا دەستی دەستی دەكەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات  لەچەند رۆژى رابردوودا رایگەیاندبوو، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانیان لامەرکەزى ئیدارى و جوگرافییە لەگەڵ مانەوەى هەسەدە وەک هێزێک لەناو هێزە چەکدارەکانى سوریا.