مەزڵوم عەبدی: تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی سوریا پێویستی به‌ میکانزمێکی ورد هەیە.

  2025-01-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی سوریا پێویستی به‌ میکانزمێکی ورد هەیە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)دا نووسیویەتی: "پێشوازی لە لێدوانەکانی گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە ئامانج لێیان هەبوونی قۆناغێکی راگوزەری سیاسی سەرکەوتووە".
 
ئاماژە بەوەشدەکات، "دۆسیەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و تێکەڵکردنی هێزەکانمان لەگەڵ  دەوڵەتی سوریا پێویستی بە میکانزمێکی ورد هەیە کە رێگە بۆ دیدێکی نیشتمانیی گشتگیر خۆش بکات و ببێتە هۆی یەکگرتنەوەی سوریا، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی فرەڕەنگیی وڵاتەکە بێت و نوێنەرایەتیکردنی دادپەروەرانە و یەکسانی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات."