هەسەدە: تاوەکو 10ـی شوبات چەکدارانی ڕژێمی پێشوو مۆڵەتیان هەیە چەکەکانیان ڕادەست بکەن

  2025-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، تاوەکو 10ـی شوبات مۆڵەت بە پاشماوەکانی ڕژێم و چەكدارەكانی بەرگریی نیشتمانی دەدرێت بۆ رادەستكردنەوە چەک و موڵک و ماڵی گشتی ڕژێمی پێشوو، بەپێچەوانەوە لە ڕێگەی لێپێچینەوەی یاساییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا، هێزەکانمان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیانكردوە بە كۆكردنەوە چەک و تەقەمەنی لە پاشماوەکانی ڕژێم و چەكدارەكانی بەرگریی نیشتمانی سەر بەو ڕژێمە لە ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا".

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ماوەكانی ڕابردودا توانیویانە ژمارەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنی كۆبكەنەوە و خەڵكانێكی زۆر وەڵامی داواکاری هێزەکانیان دایەوە و چەک و موڵک و ماڵی گشتی ڕژێمی پێشویان ڕادەست کرد کە لەبەردەستیاندا بوو.

دەشڵێت، "بە پشتبەستن بە داخوازییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە و بۆ ڕێگریکردن لە ئاژاوەگێڕی، هێزەکانمان ئەو ماوەیەی کە بە پاشماوەکانی ڕژیم و چەكدارەكانی بەرگریی نیشتمانی دراوە بۆ ڕادەستکردنی چەک درێژدەكاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 10ـی مانگی داهاتوو دوا وادە دەبێت بۆ رادەستكردنی ئەو چەك و تەقەمەنیانە، دوای ئەو وادەیە ئەوانەی ڕەتیدەکەنەوە چەک ڕادەست بکەن لە ڕێگەی لێپێچینەوەی یاساییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.