ئەمڕۆ لاهور شێخ جهنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی لەگەڵ ئەندام و کادرانی حیزبەکەی لە هەولێر کۆبوەوە و رایگەیاند، دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی چواری حزبەکەیان ئێستا دەستیان بەنوێکردنەوەی یەکێتی کردووە .
لاهور شێخ جەنگی لە میانى وتارێکدا لەوکۆبوونەوەیەدا رایگەیاند، گەڕى یەکەمى کۆبوونەوەکان لەدواى بەستنى کۆنگرە لە شارى هەولێرەوە دەستپێکردووەتەوە و سەردانى سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکەن بۆئەوەى روئیاى خۆیان دواى بەستنى کۆنگرەى چوارەم بۆ کادرەکانیان ڕوونبکەنەوە و بەفەرمى ئۆرگانەکان بکەونە سەر کارى خۆیان .
وتیشى، کۆنگرەی چوارەم وەرچارخانێکی گرنگی مێژوویی یەکێتی بوو، چونکە بێ مام جەلال کۆنگرەکەیان ئەنجامداوە و هەموو دونیا چاوی لەسەر سەرکەوتن یان شکستی کۆنگرەبووە، سوپاسى سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسی پێشوى کردکە هاوکاری سەرکەوتنیان بوون .
ئاماژەى بەوەشکرد، بە یەک کۆنگرە ناتوانرێت چارەسەرى کێشەکان بکرێت، بەڵام ئ بە بەستنى کۆنگرە یەکێتى نوێبۆتەوە و قۆناغە مەترسیدارەکەیان بڕیوە، هەوڵدەدەن لە کۆنگرەى داهاتوو ئەو کێشە و کەموکورتیانەى هەیە چارەسەرى بکەن، جەختیکردەوە مەحاڵە جارێکى دیکە کۆنگرە دوابخرێت .
هاوسەرۆکى یەکێتى، باسى لەوەکرد ئەمڕۆ هەنگاوى یەکەمیانە دواى بەستنى کۆنگرە، چونکە یەکەم کۆبوونەوەیانە لەگەڵ کادران و ئەو کۆبوونەوانەش لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان بەردەوامیان دەبێت، ئێش و ئازاری هاوڵاتیان دەکەنە کارنامەی خۆیان و گوێ بۆ ئێش و ئازارەکانی هاوڵاتیانی خۆیان دەگرن و دەیکەن بە کارنامەی یەکێتی بۆ حکومەت و خزمەتکردنیان
داڕشتنەوە: شادان حەسەن


