سەرۆک وەزیرانی عێراق: ئەمریکا هاوبەشێکی ستراتیژییە لە پلانەکانی پەرەپێدان و ئابوری عێراقدا

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنەکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز، ڕایگەیاند، " سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە نێوان عێراق و ئەمریکا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و رێزگرتنی یەکتر".

ئاماژەی بەوەشداوە: مانگی ئەیلولی داهاتوو، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکی جەنگی خۆیان دژی داعـ.ـش کۆتایی پێدەهێنن و عێراق بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەجێدەھێڵن.

وتیشی: لە قۆناغی داهاتوودا چاوەڕوانی بوونی ئەمریکاین لە ڕێگەی هاوبەشی ئابوری و وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە.

سەرۆک وەزیران لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد: لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی سندوقی وزە و گەشەپێدان دەکەین، کە لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێدەکات و دەگاتە ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەپێی بارودۆخی ئابوری و بەرهەمهێنان و ڕەنگە لە دەرەوەی سنوردارکردنی پشکەکانی ئۆپێک بێت.

 لە بارەی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە زەیدی ئەوەشی راگەیاند: هەژماری ئەم سندوقە لە دامەزراوە بانکییە بەناوبانگەکانی ئەمریکا دەکرێتەوە، هەروەها سەرچاوەکانی لە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان وەبەرهێنان دەکرێن، لەوانەش پڕۆژەکانی کارەبا و ژێرخانی ئابوری.

 ئەوەشی ئاشکراکرد: لە ماوەی سێ دەیەدا، پارەدارکردنی سندوقەکە دەکرێت بگاتە نزیکەی ٤٠٠ ملیار دۆلار، لەگەڵ گەشەکردنی وردە وردەی پەیوەست بە ئەدای پڕۆژەکان و کۆمپانیا جێبەجێکارەکانەوە، ئامانجمان ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی زیانلێکەوتووانە لەڕێی وەبەرهێنانی ئەم سەرچاوانە لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان.

 لە کۆتایدا هێمای بۆ ئەوەکرد: کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی دادپەروەرانە بۆ عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک، کە هاوتابێت لەگەڵ تواناکانی، ئەمریکا هاوبەشێکی ستراتیژییە لە پلانەکانی پەرەپێدان و ئابوری عێراقدا.


ڕیکلام