پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای دەکات کە سەرۆک وەزیران یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان کشاندوەتەوە و بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرۆژە یاساکە دانیشتنەکانی پەرلەمان پەکیان کەوتووە
مستەفا جەبار سەند، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: سودانی یاسای خزمەت و خانەنشینی دەستەی حەشدی بەشێوەیەکی فەرمی لە پەرلەمان کێشاوەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ناکۆکییەکانی ناو ماڵی شیعە لەسەر تێپەڕاندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، ماوەیەکی زۆرە بووەتە هۆی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، خانەنشینکردنی بەشێک لەسەرکردەکانی حەشد خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانە.
دەوڵەتی یاسا، کە نوری مالیکی، سەرۆکایەتی دەکات لەگەڵ کوتلەی سادقونی سەربە عەسائیبی ئەهلی حەق، کە قەیس خەزعەلی، سەرۆکایەتی دەکات، فشارەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی یاساکەو بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان کردووە، بەهۆی ئەوەی پرۆژە یاساکە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ناخرێتە ناو بەرنامەی کارەکانی دانیشتنی پەرلەمان، بەوهۆیەوە پەرلەمانی عێراق، لەماوەی رابردودا چەندین دانیشتنی هەڵوەشاندووەتەوە، بەهۆی تەواونەبونی نیسایی یاسایی.
هاوکات لەسەر ناکۆکییەکان لەسەر پرۆژە یاساکە، عەلی تورکی رایگەیاند: سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەندێک لە کوتلەکان پێداگری دەکەن لەسەر ئەوەی یاسای حەشدی شەعبی نەخرێتە ناو کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان،
ئەوەشی رونکردوەتەوە، تەمەنی خانەنشینی خاڵە سەرەکی ناکۆکییە، کە بووەتە رێگر لەبەردەم پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پەیامەکانی سودانی گەیشتووەتە سەرکردەی کوتلەکان بۆ لابردنی یاسای حەشدی شەعبی لە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەدووریشی زانی یاساکە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی کارەوە، بەوپێیەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، یەکێکە لە پایەکانی لیستی هەڵبژاردنەکانی سودانی.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ئاشکراکردوە، تەنها کوتلەکانی سادقون و دەوڵەتی یاسا داوای پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی دەکەن و، فشاری بەهێز هەیە رێگری لە پەسەندکردنی یاساکە دەکات، ئەو فشارانەی دەشکرێن ئامانجیان دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری حەشدی شەعبیە یان رێگریکردنە لە تێپەڕاندنی یاساکەی.