وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە لەچەند مانگی داهاتوودا رووبەڕووی دۆخی سەخت ببنەوە و دەڵێت، "ئەمریکیەکان پێیان راگەیاندم، بڕیاری راگرتنی لێخشبوون پاشگەزبونەوەی تیادانیە".
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ئەمریکیەکان پێیان راگەیاندم، بڕیاری راگرتنی لێخشبوون پاشگەزبونەوەی تیادانیە.
ئاماژەی بەوەشدا: لە ئێستادا روبەڕوی ئەو سیاسەتە نوێیە بوینەتەوە، بە راشکاوی پێیانوتین درێژکردنەوەی لێخۆشبون نیە، ئەم بابەتەیان لە پاریس پێوتم، لەکاتی دیدارم لەگەڵ ئەمریکیەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وت: کە جیاوازی هەیە لەنێوان غازو کارەبا، کێشەیان نییە بۆ هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە، بەڵام کێشەی ئێمە ئەوەیە چۆن پارەکە بدەین بە ئێران، لایەنی ئێرانی دەڵێت، ئێمە غازتان بۆ دەنێرین چۆن پارەکەیمان دەدەنێ، پێشتر پارەکەیان لە بانکی (تی بی ئای) گلدەدایەوە، لێکگەیشتن هەبوو لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەوەی ئێمە کەرەستەی خۆراکی و پزیشکیان بۆ بکڕین و هاوردەی بکەن، وەک پرسێکی مرۆیی، ئێستا ئەو لێکگەیشتنانە نییە، ترسم هەیە مانگەکانی داھاتوو روبەڕوبەری دۆخێکی سەخت دەبینەوە لە سەرهەڵدانی قەیرانی کارەبا .