تیمی کوردستانی عێراقی CPT ڕایگهیاند، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا 404 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و بەهۆی ئەو هێرش و بۆردومانانە، شهش هاوڵاتی مەدەنی 2 شەهید و 4 بریندار بونەتە قوربانی.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT له ڕاپۆرتێكدا سەبارەت بە هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە مانگی سێ دا و لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه)، ڕایگهیاند، "سوپای تورکیا لە مانگی ئازاردا 118 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، هەفتەی یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازی ئاشتی، عهبدزوڵا ئۆجهلان، ڕێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە، ژمارەی بۆردومانەکان بەراورد بە دوایین هەفتەی پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە بە ڕێژەی 145% زیادیکردوە.
له ڕاپۆرتهكهدا هاتووه، هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئازاردا، بەراورد بە مانگی کانونی دوەم، بە ڕێژەی 12% و بەراورد بە مانگی شوبات، بە ڕێژەی 21% کەمی کردوە.
ئهوهشی خستوهتهڕوو، لە مانگی ئازاردا سوپای تورکیا 55 هێرشی بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر و 51 هێرشی بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و 12 هێرشی بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە، لە مانگی ئازاردا هیچ هێرشێک لە سنوری پارێزگای موسڵ ئەنجامنەدراوە.
دهشڵێت، "هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر لە مانگی ئازاردا، بەراورد بە مانگی شوبات 120% زیادیانکردوە، سوپای تورکیا لە مانگی ڕابردودا، پێنج ئەشکەوتی سروشتی بە بەکارهێنانی (تی ئێن تی) تەقاندوهتەوە".
ڕونیشیكردوهتهوه، لە سێ مانگی یەکەمی 2025دا، سوپای تورکیا 404 هێرش و بۆردومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و بەهۆی ئەو هێرش و بۆردومانانە، شهش هاوڵاتی مەدەنی (2 شەهید و 4 بریندار) بونەتە قوربانی.