بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق، حەلبوسی دەستپێشخەریەك رادەگەینێت و دەشڵێت، پێویستە ناكۆكییەكانی نێوانیان لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێن.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدومی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی سیاسی، پەرۆشیی بۆ سەقامگیربونی وڵات و پێدانی ماف بە خاوەن مافەكان لەسەرانسەری وڵاتدا، ئەم چەند خاڵە دەخاتەڕو كە مەبەستی سەرەكی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدادە.
دەشڵێت: دەرهێنان و بەكارهێنان و بەبازاڕكردن و هەناردەكردنی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكان، تەنها لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی حكومەتی فیدراڵییە، هەروەهائیدارەدان و پاراستنی سنور و دەروازەكان و سەپاندنی رسومات و رەسمی گومرگی، تەنها لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی حكومەتی فیدراڵییە و بەرپرسیارییەتی تەواوی دەبێت لە رێگریكردن لە قاچاخچییەتی.
یەكێكی دیكە لە خاڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق، سەرۆكی حزبی تەقەدوم ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، حكومەتی فیدراڵی كە تەواوی خەرجییەكان لەئەستۆ دەگرێت پێویستە دابەشكردنی تەرخانكراوە داراییەكان لە بودجە بۆ وەزارەت و پارێزگا و هەرێمەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دادپەروەرانە بێت.