لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەکەی 'هایپەر مارکێتی' شاری کوت، ئەنجامە سەرەتاییەکانی ڕاگەیاند، دەرەنجامەکان لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بریتین لە ڕاگرتنی 17 بەرپرس و فەرمانبەری حکومی و سێ ئەفسەر، کە بەهۆی کەمتەرخەمی کارەساتەکەی گەورەتر کردووە و زیانەکانی زیاتر بوون.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، میقداد میری، ڕایگەیاند، "لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کە بە فەرمانی محەممەد شیاع سودانی پێکهێنراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی و بەڵگە و پێداچوونەوەی مەیدانی لەگەڵ شایەتحاڵەکان، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، کەمتەرخەمییەکی ئاشکرا لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەرەوە لە چەند بەشێکدا هەبووە، کە بووەتە هۆی خراپتربوونی کارەساتەکە و زیانەکانیشی زیاتر بوونە."
ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەکە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاتی 17 بەرپرس و فەرمانبەر و سێ ئەفسەر لە پارێزگای واست، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.
میقداد میری دووپاتی کردەوە، لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن و دواتر بە شێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.