د. ئاسۆ فەرەیدون: عێراق نەوتی هەرێمی دەوێت بۆ چەسپاندنی سەروەری بەسەر سامانە سروشتیەکانی هەرێمدا

  2025-07-21  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق به‌ناڕاسته‌وخۆ ده‌یه‌وێت فیدڕاڵی نه‌هێڵێت و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و قه‌واره‌یه‌كی كارتۆنی ده‌بات.

د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوو رێکەوتنێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا پەسەندکرا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی (سۆمۆ)وە ، لەبەرامبەریشدا بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، عێراق پێویستی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نیە ، چونکە لە رووی دەرهێنان و هەناردەکردنەوە گرانتر دەوەستێت بەبەراورد بە کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی نەوتی عێراق . عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی دەوێت بۆ چەسپاندنی سەروەری بەسەر سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و  جێبەجێکردنی ماددەی (١١٢)ی دەستووریی کە چیتر (هەرێم بەناوچەیەکی نەوتی نەناسرێت)، ئەمە سەرەتایەک دەبێت و دواتر پەلدەکێشیت بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١١٠ی دەستوور کە پەیوەستن بە دەسەڵاتی ڕەهای حکومەتی مەرکەزی لە دەستوردا وەکو پەیوەندیەکانی دەرەوە و خاڵە گومرگیەکان و  ئاسایشی نیشتمانی و دوا رۆژی هێزی پێشمەرگە.

د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون ده‌شڵێت، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ فیدراڵی لە عێراق ناهێڵێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرەو قەوارەیەکی کارتۆنی دەبات . هەڵبەت لەئێستادا و بەڕابردووشەوە رەخنەی زۆر توندمان هەبوە لە سیاسەتی نەوتی (ناسەرکەوتووی) حکومەتی هەرێمی کوردستان کەبەناوی ئابووری سەربەخۆوە کاری لەسەردەکرا ، هەروەها رەخنەمان هەبوە بەرانبەر نادادی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یەکسانی لەنێوان بەرپرس و هاوڵاتیان.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، "بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بوەستینەوە چونکە قەوارەیەکە موڵکی خەڵکی کوردستانە و موڵکی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەرە ، نەک بەتەنها موڵکی یەکێتی و پارتی بەڵکو موڵکی رەنج و خەباتی سۆسیالیست پاسۆک و کاژیک و شیوعی و هەموو حزبە سیاسیەکانی تر و حزبەکانی دوای ڕاپەرینی هەرێمی کوردستانیشە ، بۆیە دەستخۆشی لە هەر هەنگاوێک دەکەین  کە پێگەی کورد وەک دامەزرێنەر و کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەوڵەتی عێراق بەهێزتر بکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا و  شەراکەت و تەوافق لەناو عێراقدا بەهێزتر بکات ئەویش بە پاراستنی تایبەتمەندی میللەتی کورد و خەبات و مێژووەکەی".

د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون ده‌شڵێت، یاریکردنی بەغدا لەسەر ئەم وەتەرە ، ناسەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دروست ئەکات ، بۆیە لە قازانجی هیچ لایەنێکیدا نیە کە سەروەری خاکی عێراق و پێکهاتەکانیشی بخاتە مەترسیەوە . لەبەرامبەردا ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بەپەلە ئەنجامی بدات : 
یەکەم / پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکان بێ گوێدانە ژمارەی کورسی وە ئەم حکومەتە متمانە لە پەرلەمانی کوردستانەوە وەربگرێت .
دووەم / حکومەتی دامەزراو بریار لەسەر بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە ئایندەدا بکات .
سێهەم / بە پشتبەستن بەداهاتی ناوخۆی حکومەتی دامەزراوی نوێی هەرێم ،  بەهەر شێوەیەک بێت مووچە دابەش بکات . 


ڕیکلام