د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکی ھەڵسەنگاندن لە بەغدا پێکھاتوە، بۆ ئەوەی بزانێت زیانەکانی بەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان گەیشتونەتە چەند و کەی دەتوانن ھەناردەکردنەوە دەستپێبکەنەوە، بۆ عێراق دەركەوتوە كە كێڵگەكانی نەوتی هەرێم زیانی بەركەوتوە و چاككردنەوەی كاتی پێویستە، بەڵام دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت نابێتە ڕێگر لە ناردنی موچەی فەرمانبەران.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەک بۆ ھەڵسەنگاندنی زیانەکان پێکهاتوە، وەکو ئەرکی سەرەتایی کاری خۆیان کردبو، بەڵام پێویستیان بە دەرخستەیەک ھەیە بۆ ئەوەی بزانن ھەر کێڵگەیەک چەند زیانی بەرکەوتوە و کەی دەتوانن دەست بەکار بکەنەوە، خشتەیەکیان داناوە کامە کێڵگە زۆرترین زیانی بەرکەوتوە و کامە کۆمپانیا زیانی بەرکەوتوە و چەند ماوەی پێویستە تا بەرھەم ئاسایی بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆیە وەکو سەرەتا زانیاریان دابوو بە وەزیری نەوت، ئەویش ڕاپۆرتی خۆی داوە، توانای بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم ئێستا 81 ھەزار بەرمیل نەوتە، ئەوەی دیکە وەستاوە تاوەکو چاکدەکرێتەوە، زۆرترین زیانیش بەر (دی ئێن ئۆ) کەوتوە، بۆیە ھەر کێڵگەیەک ماوەیەکی دیاریکراوی دەوێت تا کێشەکانی چارەسەر دەکات.
باسی لەوەشكردوە، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوە کردوە، پێویستە دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم، لە 100 ھەزار بەرمیل کەمتر نەبیت بۆ ھەناردەکردنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات، تربایینەکان ناتوانن لەوە کەمتر کار پێبکەن، چونکە تێچوی زیاترە لە قازانج، بۆیە لیژنەکە ھەڵسەنگاندنی خۆی کردوە و ھاتنەوەشیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامیدانە بە کاری خۆیان.
ئەوەشیخستەڕو، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، پێویستە ھەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات، وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا خۆی بەرپرسە، بۆیە پەلەیانە کاری چاککردنەوە تەواوبێت و دەست بە ھەناردەی نەوت بکەنەوە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان چوار کێڵگەی سەرەکی زیانیان بەرکەوتوە، زیانەکەیشیان 180 ھەزار بەرمیل نەوت بووە.
ڕونیكردەوە، خاڵێک ھەبوو، گوایە پێویستە نەوت ھەناردە بکرێت ئەوکات موچە ڕەوانە بکرێت، بەڵام گفتوگۆی لەسەر کراوە و خۆیشیان بۆیان ڕونبوەتەوە زیان بەر نەوتی ھەرێمی کوردستان کەوتوە، چوارچێوەی ھەماھەنگیش لەوە گەیشتون، لیژنەی ئەوانیش شتەکانی ڕونکردوەتەوە، وەزارەتی نەوتیش زانیاری ھەیە، بۆیە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نابێتە ڕێگر لە ناردنی موچەی فەرمانبەران.