ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌نجان جوهدو تێكۆشانی خۆیان له‌وه گرنگتره‌و ده‌بێت به‌رده‌وام له‌بیری داهێنان و نوێگه‌ری بن و ده‌شڵێت، "سه‌ركرده‌بون به‌متمانه و ئه‌خلاقه‌وه ده‌كرێت و به‌شێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانیشی بایلۆجی و مهاراتی خواكرده‌یه".
سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری مه‌شقی سه‌ركرده‌یی ڕایگه‌یاند، "پێشه‌نگ بون و سه‌ركرده‌بون به‌متمانه‌و ئه‌خلاقه‌وه ده‌كرێت له‌گه‌ڵ خودا‌و خه‌ڵكی خۆت، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ببنه سه‌ركرده پێوه‌ره‌كانیان جیاوازه‌و له‌به‌رچاون و ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌بێت كه هه‌ندێكی بایلۆجیه‌و مهاراتی خواكرده‌و هه‌ندێكی دیكه‌ی ئه‌زمون و هه‌وڵدان و فێربونه".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "گه‌نجان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویستیان به‌هاوكاری و پشتیوانی و ده‌ستگیرۆییه، له هه‌مانكاتیشدا جوهدو تێكۆشانی خۆیان له‌وه گرنگتره‌و ده‌بێت به‌رده‌وام له‌بیری داهێنان و نوێگه‌ری بن، بۆیه گرنگه هه‌موان به‌تواناو سه‌لیقه‌ی خۆمان هاوكاری ده‌وروبه‌ر بین و هه‌ڵه‌كان ڕاست بكه‌ینه‌وه به‌پلان".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا، سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین جه‌ختیكرده‌وه، "مرۆڤ شایسته‌ی هه‌ڵه‌یه و پێداچونه‌وه و تێگه‌یشتن گرنگه، له‌قۆناغی هه‌رزه‌كاری و گه‌نجی ڕه‌نگه هه‌ندێكجار كێشه‌ی پێوه‌ره‌كان هه‌بێت، گه‌نج هه‌ندێك ڕه‌فتار بكات به هه‌ڵه‌ی نه‌زانێت و توانای ده‌ستنیشانكردنیان وه‌ك پێویست نه‌بێت و نه‌زانن خودی هه‌ڵه‌كه چیه، به‌ڵام به‌تێگه‌یشتن و ڕاهێنان چاره‌سه‌ر ده‌بێت".