سۆرانی  |  بادینی  |  English      

واشنتن پۆست: بكوژەكانی هیشام هاشمی ئاشكرا بكرێن دۆخی سیاسی عێراق دەتەقێتەوە

  2020-07-26  | 
دۆسیە:  هیشام هاشمی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ بەسەر كوژرانی هیشام هاشمی، تا ئێستا ئەنجامدەرانی كوشتنەكە ئاشكرا نەكراون، رۆژنامەیەكی ئەمریكیش دەڵێت ئەگەر بكوژەكان ئاشكرا بكرێن دۆخی سیاسی وڵاتەكە بەشێوەیەكی گەورە دەتەقێتەوە.

هەرچەندە ماوەی 20 رۆژ بەسەر كوشتنی هیشام هاشمی، شارەزای بواری ئاسایش تێپەڕ دەكات بەڵام تا ئێٍتا هیچ زانیاریەك لەسەر بكوژەكان ئاشكرا نەكراوە و رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاند، ئەگەر ئەو لایەنەی كە هیشام هاشمی، كوشت دەستنیشان بكرێت، ئەوا دۆخی سیاسی عێراق دەتەقێتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە كوشتنی ئەو راوێژكارە راوێژكارەكانی سەرۆكی حكومەتی عێراق، تووشی سەرسووڕمان بوون بەهۆی ئەوەی ئەو كەسەی كوژرا كەسێكی نزیك بوو لە سەرۆك وەزیرانی عێراق. 

رۆژنامەكە دەڵێت، لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی بكوژانی هاشمی بەردەوامە و راوێژكارو هاوپەیمانە سیاسییەكانیش دەڵێن: ئەگەر ئەو لایەنە دەست نیشان بكرێت كە فەرمانی كردووە هاشمی تیرۆر بكرێت، ئەوا لەوانەیە دۆخی سیاسی وڵاتەكە بەشێوەیەكی گەورە بتەقێتەوە.

هیشام هاشمی، راوێژكار و شارەزای ئاسایش لە شەوی 6ی تەمموز‌ لە بەردەم ماڵەكەی لە ناوچەی زەیونەی بەغدا كوژرا. بەپـێی ڤیدیۆیەكی كامێرای چاودێری، هێرشبەرەكان 4 كەس بوون لەسەر 2 ماتۆرسكیل، بەر لەوەی هاشمی بە ئۆتۆمبیلەكەی بگاتەوە بەردەم ماڵەكەی، ئەوان لە نزیك ماڵەكەی چاوەڕێیان دەكرد، یەك لە هێرشبەرەكان لەسەر یەك لە ماتۆرسكیلەكان دادەبەزێت و تەقە لە هاشمی دەكات.