یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێوە، بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە شەفافییەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان بێتە کایەوە.
جارێکی دیکە و لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ رۆبەرت وۆڵەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین چاکسازییەکی بنچینه‌یی و گەورە بكه‌ین له دۆخی كوردستاندا، پێویستە پێشوه‌خته شەفافییەتێکی تەواومان هەبێت لە داهاتی حکومەتی هه‌رێمدا، پێویستە پێداچوونەوە بکەین بە داهاتەکانی حکومەت و داهاتی خاڵە سنورییەکان و رێککەوتنەکانی نەوت و گاز به شه‌فافییه‌ت ئاشكرا بكرێن.
هاوسەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە به هیچ جۆرێك دادپه‌روه‌رانه نییه و ناکرێت "چاکسازیی" تەنها موچەی فەرمانبەران بگرێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەی کۆبوونەوەی نێوان هاوسەرۆکی یەکێتی و کۆنسوڵی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، لاهور شێخ جەنگی جەختی لە گرنگیی و بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان هه‌ردوولا کردەوە بۆ ئه‌وه‌ی رێککەوتنێکی بنچینه‌یی لەسەر بودجەی هه‌رێم بێته ئارا، کە سودی بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان هەبێت.
کۆبوونەوەی کونسوڵی ئەمریکا و هاوسەرۆکی یەکێتی لە کاتێکدا بەڕێوەچوو پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی گرژی زۆری بەخۆوە بینیوە لەبارەی پرۆسەی سیاسی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێتیی و یەکبوونی گه‌لی کوردستان، بنەمای سەرەکیی پرۆسەی سیاسیی هه‌رێمه و، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە حکومەت و حوكمڕانی دا. پێگه‌ی ئێستای یه‌كێتی و قوربانیدان و خه‌باته مێژووییه‌كه‌ی، ئه‌وه ده‌خوازن كه پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی بێت لە دروستكردنی بڕیار‌و خاوه‌ندارێتی كردن له چارەسەرە سەرەکی و ستراتیژییەکاندا.
هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە دووپاتم كرده‌وه کە یەکێتی، به‌راورد به چه‌ند ساڵی رابردووی، ئێستا حزبێکی به‌هێزتره، سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی هەیە، و سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی حوكمڕانیی ژیرانه و ته‌ندروست له هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به به‌رنامه و تواناكانی یه‌كێتییه.
23ی مانگی رابردووش هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی هۆشداری دا لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و رایگەیاند، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گاته رێككه‌وتن، شه‌فافییه‌تی نه‌بێت له خه‌رجی و داهات، یه‌كێتی ناچێته ژێر باری مووچه بڕین و هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێك ده‌بێ له بژارده‌كانمان.