وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوهكهی نهخۆشخانهی رزگاری شاری هەولێر و هۆکاری کەمبوونی ئۆکسیجن لە نەخۆشخانەکە دەکەن.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سهبارهت به ڕووداوهكهی ئەمڕۆی نهخۆشخانهی رزگاری له ههولێر، سهرۆكی حكومهتی هەرێم پارێزگاری ههولێری ڕاسپاردووە، لیژنهیهكی لێكۆڵینهوه و بهدواداچوون پێکبهێنێت بۆ زانینی هۆکاری کەمبوونی ئۆکسجین و له نزیكترین كاتدا ئهنجامهكانی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنرێت .
ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومهتی ههرێمی كوردستان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێک، ڕێکاری پێویستی گرتەبەر کە بووە جێی ستایشی هەموو لایەک و هاووڵاتییانیشی ئاگادار کردەوە لە مەترسییەکانی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە.
دەشڵێت، بەداخەوە خەڵکانێک مەترسییەکانی ڤایرۆسەکەیان بۆ سەر ژیانی خەڵک بە هەند وەرنەدەگرت و گومان و دردۆنگیان لە ئاستی مەترسییەکانی دروست دەکرد و هاوڵاتیانیان هاندەدا بۆ سەرپێچیکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، کەچی ئەمڕۆ هەمان ئەو کەس ولایەنانە موزایەدەی دڵسۆزی و خەمخۆری بەسەر حکومەتەوە دەکەن.
جوتیار عادل راشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە ئهرك و ههوڵهكانی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان له ڤایرۆسی كۆرۆنا و داواش لە هاوڵاتیان دەکاتەوە کە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە بەجددی وەربگرن و لەپێناو پاراستنی خۆیان و خێزانهكانیان، پابهندیی رێنماییه تەندروستییەکان بن كه باشترین چارهسهرە بۆ سنوردارکردنی ئەم پەتایە .
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی٧ی٢٠٢٠، لە بەشێک لە میدیاکان وابڵاوکرایەوە کە كێشهی
كهمی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر دروستبووه و بەوهۆیەوە ژیانى
ژمارەیەکى زۆر لە توشبووان کەوتووەتە مهترسییهوه و نزیکەى 20 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
دواتر بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر روونکردنەوەیەکی
لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راستە بۆماوەیەکی کاتی ئۆکسیجینی شل دواکەوتووە
لەگەیشتنی بەڵام لەهەمانکاتدا لە ڕێگای دووەم کە ئۆکسجینی بوتڵە، بۆ تەواوی ئەوانەی
پێویستیان بە ئۆکسجین بووە دابینکراوە لەناو نەخۆشخانەکە و رەتیشکردەوە هیچ
نەخۆشێک بەهۆی کەمی ئۆسیجنەوە گیانی لەدەستدابێت.