فەرماندەیەکى یەکێتى راستى رووداوەکانى شنگال ئاشکرا دەکات

  2020-08-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قادر خورانی، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی یه‌كیتی، كه‌ تاكه‌ فه‌رمانده‌ بوو زیاتر له‌ 5000 ئیزیدی رزگار كرد، ڕاستی ڕوداوەکانى 3ى ئاب لە شنگال ئاشکرا دەکات.

راستى رووداوەکانى شنگال لە زارى قادر خۆرانى فەرماندەى پێشووى یەکێتى 

ڕۆژی (
۳ / ۸ / ۲۰۱٤ ) چی ڕویدا ؟

لێرە بەشێکی زۆر کەم لەڕاستی ڕوداوەکان باس دەکەم کە لەو ڕۆژە ڕەش و شومەدا ڕویان داوە

ئێمە لە ناحیەی ( ربیعه ) بوین .

۱ - سەر لەبەیانیەکەی هەوالی کەوتنی چەند گوندێکی سنوری شنگالمان پێ گەیشت .

۲ - بۆ کاتی نیوەڕۆ هێزەکانی سنوری شنگال پاشە کشێیان کرد بەبێ شەڕ .

۳ - دوای نیوەڕۆ ( سنونێ ) و سنوری ( سنونێ ) چۆل کرا بەبێ شەڕ .

٤ - ئەو هێزانەی پاشەکشیان دەکرد لە سنوری شنگال و ( سنونێ ) بەلای ئێمە دا تێدەپەڕین بۆ سحێلا بەبێ وەستان .

٥ - نزیکی نیوەڕۆ لەلایەن ڕێکخستنەکانی یەکێتی و خەلکی یەکێتی لە سنوری ( شنگال و سنونێ و خاناسۆر ) پەیوەندیم پێوە کرا کە بارودۆخ زۆر خراپە کەس نیە بەرگری بکا ، گوتیان ئێمەو خەلک کە بە هەزارانن دێین بۆ ( ربیعە ) ئەگەر ئێوە لەوێ بمینێن ئەگەر نا داعش لە ڕێگای ( عوێنات ) بێت بۆ ( ربیعە ) هەمومان دەکەوینە بەردەستی داعش و کۆمەلکوژمان دەکەن ، گوتم ئێمە لێرەین و دەشمینێین هەموو خەلک بڕوا من ناڕۆم ئەگەر سەری خۆشم لەسەر دانابی .

٦ - خەلکی ( شنگال و سنونێ و خاناسور ) بەرەو ئێمە بەڕێکەوتن .

۷ - هێزەکانی داعش لەو کاتەدا لە ڕێگای ( عوێنات ) پێشڕەویان کرد بۆ لای ئێمەو تەقە دەستی پێ کرد لە شوێنی خۆیان ڕامانگرتن .

۸ - هێزەکانی لای ئێمەش لە ( ربیعە ) خۆیان کۆکردەوە بۆ ڕۆیشتن .

۹ - داوام لێکردن بمێننەوە لەبەر ئەوەی خەلک لە ڕێگایە بۆلای ئێمە دێ ناکرێ شوێنەکە چۆلکەین بۆ داعش هەرچەند گوتم بێ سودبوو .

۱۰ - ئاگاداری سەروی خۆم کردەوە لەوەی هێزەکانی لای ئێمەش پاشەکشێ دەکەن ، گوتیان ئێستا وەلامت دەدەینەوە بزانین چۆن دەبێ .

۱۱ - دوای نیو سعات تەلەفۆنیان بۆ کردمەوە گوتیان هێزەکەت پاشەکشێ پێ بکە ، گوتم چۆن پاشەکشێ دەکەم خەلک بەڕێوەیە بۆ لای ئێمە داعشیش وا دوبارە هاتەوە پێشێ ، گوتیان فەرمانت پێ دەکەین پاشەکشێ بکە ، گوتم خەلکی ژن و مندال و مەدەنی بەڕێوەن بەبێ شەڕو بەرگری لێیان بەهیچ شێوەیێک پاشەکشێ ناکەم لەبەر ئەوەی بەرپسیار دەبم لەبەرامبەر خواو خەلک .

۱۲ - دوای ( ۱۰ ) خولەک دوبارە پەیوەندیان کردەوە کە پاشەکشێ بکەم گوتیان فەرمانەو جێبەجێی بکە ، گوتم بۆ بەرگری و پێشڕەوی هەرکەسێک فەرمان بکا بە قسەی دەکەم و بە بەرپرسی خۆمی دەزانم بەلام بۆ پاشەکشێ بێ بەرگری و شەڕ فەرمانی هیچ کەسێک جێبەجێ ناکەم و کەس بە بەرپرسی بالای خۆم نازانم گوتم نە منالێکی کورد نە بستێکی خاکی کوردستان بەبێ شەڕ ڕادەستی داعش ناکەم ، ئەوەبوو داواین لە جێگرەکەم کرد کە سەربە یەکەی ( ٨٠ ) بوو خۆی و پێشمەرگەکانی پاشەکشێ بکەن ئەوانیش پاشەکشیان کردو بەجێیان هێشتم .

۱۳ - داعش لەو کاتەدا پەلاماری داین و ئێمەش بەرگریمان کرد و داوام لە فەرماندەکانی ( YPG ) کرد هێزی زیاتر بێنن لەبەر ئەوەی هێزەکانی لای خۆمان لە پاشەکشێدان و خەلکی هاولاتیش لە سنوری شنگال بەڕێوەیە و داعشیش دەیهەوێ ( ربیعە ) بگرێ ، ( YPG ) لەماوەیێکی کورت هێزەکانیان زیادی کردو هێزی ئاسایشی ڕۆژئاواش هاتن و گەیشتنە لامان .

۱٤ - سەرەتای ئاپۆڕای خەلکی شنگال گەیشتنە لامان و داعش بۆ جاری سێیەم پەلاماری داین و بەرپەرچمان دانەوە .

۱٥ - بۆ نزیکی عەسر هەڤالانی ( YPG ) گوتیان هێزی پێشمەرگە هەر نێوان ( شنگال و ڕەبیعە ) یان بەرنەداوە زانیاریمان هەیە کەوا نێوان ( ڕەبیعەو سحێلا ) شیان چۆل کردوە داعش لە سنوری ( زوماڕ ) بەرەو سنوری ( سحێلاو ڕوژئاوا ) بەڕێ کەوتون مەترسیمان هەیە داخلی ڕۆئاوا بن ئەو شوێنانە هێزی کەم لێیە ناچارین بڕۆین ئەو شوێنانە پڕکەینەوە گوتم ئێرەش هێزی کەمی لێیە من تەنها ( ۲۷ ) کەسم لا ماوە سنورەکەش زۆر بەرفرەوانە هەندێک هێزم بۆ بێلنەوە گوتیان باشە ( ۱۰ ) YPG و ( ٤ ) YPJ و دۆشکەیێکی ( ۱۲ ملم ) بە ( ۸٥ ) فیشەکەوە بەجێ دێلین بۆت منیش ناچار ڕازی بوم .

۱٦ - ئەوان بەڕێ کەوتن و داعش پەلاماری داین ( ۲ ) شەڕڤانی YPG شەهیدبون کە هەردوکیان کوڕو باوک بون خەلکی ( دێرک ) بون وە ( ۲ ) شەڕڤانیش بریندار بون ئەوانی تر تەرمی شەهیدو بریندارەکانیان بردەوە ڕۆژئاوا ئێمە تەنها ( ٤ ) شەڕڤانی ( YPJ ) بە دۆشکەیێکەوە لەلامان مانەوە .

۱۷ - داعش لە ڕێگای شنگالیشەوە گەیشتن ڕێگەمان لێگرتن بەو هێزەکەمە دواتر لێمان سوڕان داخلی ناو ( ربیعە ) بون پشتمان گیرا بە تەواوی ئابلوقە دراین .

۱۸ - داوام له پێشمەرگەکان کرد فیشەکێک بێلنەوە بۆ ئەوەی خۆیانی پێ شەهید بکەن لە کۆتاییدا وە بەهیچ شێوەیێک خۆیان تەسلیم بە داعش نەکەن کە زۆربەیان پاسەوان و چوار کوڕو کەسوکارم بون لەگەل هەندێک ئەفسەری خۆڕاگری یەکێتی .

۱۹ - ئەم دۆغە زیاتر لە ( ۷ ) کاتژمێری خایاند لەلایێک فشاری داعش زیادی دەکرد لەلایێک فشاری هەندێ کەس کەوا تاوانباریان دەکردم بەوەی پاشەکشێم نەکردوە تەنانەت یەکێکیان گوتی خەتای تۆیە گەمارۆ دراوین ئێستا دێم گولەیێکت لەکەلەی سەر دەدەم و دەتکوژم .

۲۰ - فشاری داعش و گەمارۆ و دۆغەکە سات بەسات خراپتر دەبوو خەلکی مەدەنیش دەمێک بوو دەرباز ببون ئینجا بڕیارم دا بەناو ڕەبیعەدا کە پڕ بوو لە داعش پاشەکشێ بکەین .

۲۱ - لە سیارەکانمان سەرکەوتین گوتم بەناو داعشدا دەڕۆین تەقەیان لێدەکەین ئەگەر لێماندرا سەیارەکانمان پەکی کەوت بەشەڕی کۆلان بەکۆلان خۆمان دەگەینینە ڕۆژئاوا ( تل کۆچەر ) هەر کەسێکیش بریندار بوو شەهیدی کەن بەجێی مەهێلن تەنانە ئەگەر خۆشم بوم منیش هەرکەسێک برینداربێ بەجێیناهێلم بە برینداری ئەگەر کوڕی خۆشم بێ شەهیدی دەکەم ، ئیتر بەڕێ کەوتین من خۆم سەیارەکەم لێخوڕی و پێشمەرگەکانیش لە جامی سیارەکان تەقەیان لە داعش کرد ، ( ٤ ) پێشمەرگە بریندار بون سێیان لەناو سەیارەکەی من یەکێکیش لە سیارەکانی تر بەشەڕ خۆمان گەیاندە ڕۆژئاوا .

۲۲ - شەڕڤانان بریندارەکانیان لێوەرگرتین و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ( دێرکیان ) کرد لە کانتۆی جەزیرە و ئێمەش ماینەوە لەگەل شڕڤانان لە دەروازی ( تەلکۆچەر ) ی سنوری .

سەر ئەنجام توانیمان گیانی زیاتر لە ( ۱۱۰۰۰ ) یانزە هەزار برا ئێزیدیەکانمان ڕزگار بکەین لە کۆمەل کوژی

تێبینی :

ـــ لەسەر پاشەکشە نەکردنم لەلایەن هەندێ بەرپرس چەندین جار لێپرسینەوەم لەگەل کراوە پێم گوتراوە دەبوایە فەرمانی سەروی خۆت جێەجێ بکەی .

گوتومە بەهۆی مانەوەمان ژیانی هەزاران ئێزیدی ڕزگاری بوە .

گوتویانە کێشە نەبو هەزاران ئێزیدی تێداچون با ئەو چەند هەزارەش تێداچوبانایە .

ـــ بەرپرسێک گوتبوی هیچم بەدەستبا ( قادر خۆرانی ) م اعدام دەکرد ، ئێستا ئەو بەرپرسەو منیش نابەرپرس .

ئایا من هەقی اعدام کردنم هەیە یان ئەو ؟



ڕیکلام