وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێککەوتنی نەوتیی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لەزاری عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، "رێکەوتنی کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکا لەگەڵ گروپێک لە کوردانی سوریا، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکاری سەروەری خاکی سوریایە و بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنە لەلایەن ئەمریکا وەک هێزێکی داگیرکەر لە خاکی سوریا، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و هەنگاوێکی دیکەی واشنتنە بۆ بەتاڵانبردنی سامانی سروشتی سوریا".
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر هەردوو وەزارەتی دەرەوەی سوریا و تورکیا ئیدانەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و ئەمریکیان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی سوریادا و بەهەموو شێوەیەک رەتیانکردووەتەوە.
هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ـی ئەمریکی بواری نەوت واژۆکرد و ھەنگاوەکەش بە ئاگاداری و ھاندانی واشنتن بووە .
بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیا ئەمریکییەکە توانای بەرھەمھێنانی لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا زیاددەکات و نەوتەکەش دەفرۆشێت .
یەکێک لە گرنگییەکانی ئەو ڕێککەوتنە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەیە ، کە بەئاگاداری ئیدارەی ترەمپ بووە ئەوەش بەبۆچوونی شیکەرەوان مانای داننانی واشنتنە بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و ماناوەی ئەمریکا لە ناوچەکە.