21 كارمەندی بەرگری شارستانی هەولێر تووشی كۆرۆنا بوون

  2020-08-04  | 
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، 21 كارمەندیان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەرەتای هاتنی پەتای كۆرۆنا لە كۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵ كارمەندانی بەرگری شارستانی بەو پەڕی لەخۆ بردووی و گیان لەسەر دەستانە رۆژانە و شەوانە لە هەڵمەتی رشاندنی شوێنە گشتییەكان و حكومییەكان، گەڕەكەكانی ناوشاری دەوروبەر، گوندەكان، ناحیە و قەزاكان، بەردەوام بوون لە هەڵمەتی ڕشاندنی دژە ڤایرۆس بوون، هەروەها شەو ڕۆژ لە كاتی رووبەروو بوونەوەی ڕووداوەكانی ئاگر كەوتنەوە ئامادەییەكی بێوێنەیان هەبووە .

ئاماژەیە بەوەشکردووە، لەکاتێکدا شەپولی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێرشێكی گەورەی كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و تەندروستی هاوڵاتیانی هەراسان كردووە، لەو چوار چێوەیەدا كارمەندانی بەرگری شارستانیش بەدەر نەبوون لە تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە.

ئاشکراشیکردووە، لە ئێستادا (21) كارمەندی بەرگری شارستانی هەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ئەوەشیان لە ئەنجامی ئەو شەو نووخونی و رووبەروو بوونەوەیانە لەگەڵ رووداوەكانی ئاگر كەوتنەوە و قەڕەباڵغی شوێنەكاندا، هەروەها لەكاتی هەڵمەتی رشاندنی بەردەوامیان ئەوانیش تووشی ئەو ڤایرۆسە نەگریسە بوون .

ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم و بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر لەهەڵکشاندایە و بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ١٥ هەزار و ١٧٣ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش ٥٨٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.