سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی لوبنان پێشتر ئاگاداری مەترسی تەقینەوەکە بوون

  2020-08-11  | 
شوێنی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بەسەر تەقینەوەکەی بەیروتدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار ئاگاداری نزیکبوونەوەی تەقینەوە و کارەساتەکەی لوبنان بوون.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لێپرسراوە ئەمنییەکانی لوبنان مانگی ڕابردوو هۆشداریان داوەتە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار لە بوونی ٢٧٥٠ تۆن لەمادەی مەترسیداری نتراتی ئامۆنیۆم لە کۆگایەکی بەندەری بەیروت، کە بووەتە مەترسیەکی ئەمنی  گەورە و ئەگەر بتەقێتەوە پایتەخت وێران دەکات.

ڕاپۆرتەکە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی دەوڵەتەوە دەرچووە و ئاماژە دەکات بەو ڕوداوانەی بوونەتە هۆی تەقینەوەکە، هەروەها ئاماژەی کردووە بەو نامە تایبەتەکەی کە لەپۆستەی تایبەتەوە ڕەوانەکراوە بۆ میشال عۆن سەرۆک کۆمار و حەسان دیاب سەرۆک وەزیران لە مانگی تەموزی ڕابردوودا.

لێپرسراوێکی باڵای ئەمنی لوبنان ئاماژەی بەوەکردووە، لەنامەکەدا ئاماژە کراوە بەوەی پێویستە بەشێوەیەکی پەلە ئەو مادە مەترسیدارانە لەشوێنێکی دڵنیایی بپارێزرێن.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، مەترسی هەیە ئەو مادە کیمیاییانە لە هێرشی تیرۆریستیدا بەکاربهێنرێت، ئەگەر بێتوو بدزرێت.

ئەو لێپرسراوە ئەمنییە کە خۆی بەشداریکردووە لە داڕشتنی نامەکەدا و داوایکردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتوویەتی "هۆشداریم داونەتێ کە ئەگەر ئەو مادانە بتەقێتەوە  ڕەنگە بەیروت کاول بکات".

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونکراوەتەوە، بڕیار بووە سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەردانێکی مەیدانی بکات بۆ شوێنی هەڵگرتنی ئەو مادانە بەر لەوەی کارەساتەکە ڕووبدات، بۆ پاراستنی ئەمنی شوێنەکەش دەزگای ئاسایشی دەوڵەت چەند ئاسنگەرێکی هێناوە بۆ جێگیرکردنی دەرگای ئاسن بۆ ئەو کۆگایەی مادە مەترسیدارەکانی تێدایە، لەو کاتەدا ئاگر کەوتووەتەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێکی شوێنەکە یارییە ئاگریینەکانی تیا هەڵگیراوە، ئاگر تەشنەی کردووەتەوە و پریشکی ئاگار بە هەموو لایەکدا بڵاوبووەتەوە، دوای کاتژمێرێک لە کەوتنەوەی ئاگرەکە، گڕی ئاگر دزەی کردووە بۆ مادەی نتراتی ئامۆنیۆمەکە و تەقیوەتەوە.

ئاژانسەکە لەزاری ئەو لێپرسراوە ئەمنییەوە ئاشکرایکردووە، تەقینەوەکە زۆر سوک بووە، چونکە ناوچەی عەنبەر لەسەر دەریایە، ئەگەرنا بەیروت بە تەواوی لەگەڵ زەوی تەخت دەبوو، بابەتەکەش هەموو گوێ پێنەدان و هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتێ  و خراپ هەڵگرتنی مادە مەترسیدارەکان و خەمڵاندنی خراپ.

ڕۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئاشکراکردنی ئەو نامەیە و سەرنج و پێشنیازی دەزگا ئەمنییەکان، چاوەڕواندەکرێت خەڵکی زیاتر توڕە بکات، چونکە بەڕاشکاوی دیارە حکومەت و بەرپرسانی باڵای دەوڵەت گوێیان بە مەترسیەکان نەداوە، ئەوەش بووەتە هۆی تەشەنەکردنی گەندەڵی و لوبنانی بەرەو لوتکەی هەرەس برد.

تەقینەوەکەی بەیروت تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی ١٦٣ کەس و برینداربوونی ٦ هەزار کەس و ٣٠ هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، جگە لەوەی زیانی نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ملیار دۆلاری بە شوێنی تەقینەوەکە و دەوروبەری گەیاندووە.



ڕیکلام