حەویجە.. سێ چەکداری داعش دەستگیرکران کە دانیانناوە بەکوشتنی ٤٠ کەس

  2020-08-24  | 
کەرکوک
سێ چەکداری داعش لە حەویجە دەستگیرکران کە دانیانناوە بەکوشتنی ٤٠ کەس
 سۆران عەبدولکەریم
سێ چەکداری داعش لە قەزای حەویجە دەستگیرکران کە دانیانناوە بەکوشتنی ٤٠ کەس.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، پۆلیسی قەزای حەویجە لەئۆپڕاسیۆنێکدا توانیویانە سێ چەکداری داعش دەستگیربکەن،  بەناوەکانی  (ع-ع-ع ) و(م -أ- م )و(ط -س-م) کە پێشتر بەمادەی ٤ ی تیرۆر داواکراوبوون و فەرمانی گرتنیان هەبووە.

لەوبارەیەشەوە، فەتاح مەحمود بەڕێوبەری پۆلیسی قەزای حەویجە بەتۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، لێکۆڵینەوەی وردمان لەگەڵ ئەو سێ تیرۆریستەدا کردووە و لەو شوێنانەی کردەوەی توندوتیژیەکانیان ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سێ چەکدارەی داءش دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە بەوەی  کە کاری ڕفاندن و کوشتنی ٤٠ هاوڵاتیان ئەنجامداوە و کردەوەکانیان بەفەرمانی سەرانی خۆیان بووە لەڕێکخراوی داعش.

ئەوەشی خستەڕوو، توندوتیژیەکانی ئەو سێ چەکدارەی داعش لەساڵانی 2013 و 2014 بوون و تا ئەوکاتەی حەویجە لەژێر هەژمونی داعش دەرهێنراوە بەردەوامبوون.

بەڕێوبەری پۆلیسی قەزای حەویجە راشیگەیاند، ئەو تیرۆریستانە پەڕاوێکیان پێوەگیراوە کە ناوی هەموو ئەوانەی تێدابووە کە ڕفێندراون و دواتر کوژراون، بەشێک لەپاشماوەی تەرمی ئەو کوژراوانەش لەڕێی دانپێدانانەکانی ئەو سێ  تیرۆریستە لە یەکێک لەبیرەکان دۆزراونەتەوە .



ڕیکلام