مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، پرۆسەی گێرانەوەی هەیبەتی دەوڵەتی و سەپاندنی یاسا بەردەوام دەبێت لەوڵاتدا.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، کازمی لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاندووە "لایەن هەیە تینووی فەوزا و بێسەروبەرییە، بۆیە بەو پەڕی تواناوە کار دەکەین بۆ گێرانەوەی هەیبەتی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی توانای هێزەکانمان، کە لە ماوەی ڕابردوودا تێکشکابوو".
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن لەپێناو گێرانەوەی هەیبەتی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا، داواشی لە وەزیرەکانی کابینەکەی کرد، گوێبیستی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران بن و ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنە بەر و بەتەنگ ڕای گشتییەوە بن.
لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، پێویستە ڕێگە نەدرێت بەو ڕێوشوێنانەی کە بیرۆکراسیەت دروست دەکەن و ڕێگر دەبن لەبەردەم پلانەکانی حکومەتدا.
کازمی ئاشکراشیکرد بڕیار هەیە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژە، کە خزمەت بە هاوڵاتیان دەکات، بۆیە پێویستە لەسەر وەزیرانی حکومەت بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ بکەن و بەردەوام ڕاپۆرت پێشکەش بکەن لەسەر ئاراستەی بەڕێوەچوونی کارەکان.