ئێران نەڤید ئەفکاری یاریزانی زۆرانبازی وڵاتەکەی لەسێدارەدا

  2020-09-12  | 
نەڤید ئەفکاری یاریزانی زۆرانبازی تەمەن ٢٧ ساڵ ئەمڕۆ لەسێدارەدا
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە سزای لە سێدارەدانیان جێبەجێکرد بەسەر یاریزانی زۆرانبازی نەڤید ئەفکاری، کە سزاکەی ببووە جێی بایەخی جیهانی، بەهۆی ئەوەی گوایە دانپێدانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەداندا لێی وەرگیراوە.

ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران (ئیرەب نیوز) لە زاری کازم موسەوی داواکاری گشتی پارێزگای فارس بڵاویکردەوە، ، بەیانی ئەمڕۆ لەزیندانی عادل ئاباد لە شاری شیراز، سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەفکاریدا جێبەجێ کراوە.

دەسەڵاتدارانی دادوەریی ئێران بڵاویانکردەوە ، ئەو زۆرانبازە تاوانبار کراوە بە (کوشتی بە ئەنقەست) کە گوایە  لە ڕۆژی ٢ی ئابی ٢٠١٨ چەقۆی داوە لە لێپرسراوێکی دەستەی گشتی ئاوی شاری شیراز و کوشتوویەتی.

ئەفکاری لەسەرئاستی جیهان پشتیوانییەکی گەورەی لێ کرا بۆ ئەوەی تاران پەشیمان بکەنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانەکە، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردبوو سزاکە بەسەر ئەو زۆرانبازەدا جێبەجێ نەکەن.

ترەمپ لە تویتێکدا ڕایگەیاندبوو "زانیومە ئێران لەئامادەکاریدایە بۆ لەسێدارەدانی ئەستێرەیەکی گەورەی یاری زۆرانبازی نەڤید ئەفکاری تەمەن ٢٧ ساڵ، هەموو ئەوەی کە ئەنجامیداوە بەشداریکردن بووە لە خۆپیشاندانێک لەدژی حکومەت".

لەلایەکی ترەوە  حەسەن یونسی پارێزەری ئەفکاری ڕایگەیاندبوو، بەگوێرەی یاساکانی ئێران تاوانبار مافی ئەوەی چاوی بە کەسوکارەکەی بکەوێت بەر لەسێدارەدانی، پرسیاری ئەوەشی کردبوو ئایا دەسەڵاتداران پەلەیان بووە سزای لەسێدارەدانەکە جێبەجی بکەن، بەشێوەیەک ڕێگەیان نەداوە بۆ دواجار کەسوکارەکەی ببینێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لەساڵی ٢٠١٩دا لەئێران ٢٥١ کەس لەسێدارە دراون و لەدوای چین بە پلەی دووەم دێت لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی تیا جێبەجێ دەکرێت.

 



ڕیکلام