پارتی ٤٠ بنکەی سەربازی بەدرێژایی سنوری ڕۆژئاوای کوردستان بنیاتناوە

  2020-09-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان چەکی قورسی بۆ دەوروبەری فیشخاپور لەبەرامبەر دەروازەی سیملکای سنور لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر کردووە و دەستی کردووە بە دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازیی.

لە هەواڵێکدا ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، ئەو هەنگاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدایە، سوپای داگیرکەری تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوری کوردستان و بە تایبەت ناوچەی حەفتانین چڕتر کردووەتەوە.

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دەرەوازەی سیملکاوە نزیکەی ٤٠ بارەگا و بنکەی سەربازیی بە درێژایی سنوری ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان دروستکردووە، بە تەنها لە ناوچەی فیشخاپور و بەرامبەر سیملکا ١٠ بنکەی سەربازیی دروستکردووە.

لە ناوچەی سێگۆشەی سنوری باکور و باشور و ڕۆژئاوای کوردستانیش، سێی بنکەی سەربازیی دروستکردووە و کۆمەک و هێزی سەربازی و چەکی قورسی بۆ ناوچەی فیشخاپور گواستووەتەوە.

چاودێرانی دۆخی کورد پێیان وایە ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسنوری نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، هەمان ئەو سیاسەتەیە کە دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی داوە، بەشێوەیەک تورکیاش لەنێوان سنورەکانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان شورای کۆنکرێتی و خەندەقی لێهەڵکەندووە، بە تایبەت لەناوچەکانی نێوان عەفرین وسەرێکانی و گرێ سپی و ناوچەکا نی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان.



ڕیکلام