نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دۆخی كورد و گفتوگۆی لایەنە كوردییەكان لە سوریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و یەكڕیزیی نێوانیان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
دوای كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ جەمیس جیفری، نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سوریا و نێردەی تایبەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری، سەرۆكایەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
كۆبوونەوەكە هەریەكە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروباری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون.
بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم لەكۆبوونەوەكەدا: دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سوریا، ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی چالاكی و مەترسییەكانی تیرۆر لە سوریا و عێراق، دۆخی كورد و گفتوگۆی لایەنە كوردییەكان لە سوریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و یەكڕیزیی نێوانیان تاوتوێ كرا.
نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەكۆبوونەوەكەدا بەردەوامی پشتگیریی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە كورد و هاوبەشانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی یەكجارەكیی داعش لە سوریا و هەرێمی كوردستان و عێراق دووپات كردەوە.
جیفری لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە هەموو هاوكارییەكی پێویست پێشكەش بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان دەكەن و پشتگیری و خۆشحاڵیی ئەمەریكای بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكان لە سوریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان نیشاندا.