عێراق پلەی یەکەمی گرتووە لە هاوردەکردنی کەلوپەل لە تورکیاوە

  2020-10-08  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا عێراق لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە، لە هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەلی تورکی بۆ وڵاتەکەی.

بە گوێرەی داتا و زانیارییەکانی دەستەی سەرژمێری تورکیا، کە بەهاوکاری وەزارەتی بازرگانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە،  دەریدەخات قەبارەی بازرگانی تورکیا بۆ عێراق و ئیران و یۆنان  و جۆرجیا و سوریا و  بولگاریا، گەیشتووەتە ١٠ ملیار و ٨٠٢ ملیۆن دۆلار لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا.

بە گوێرەی زانیارییەکان قەبارەی هاوردەی کەلوپەل و خۆراک بۆ عێراق لەسەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوو، گەیشتووەتە ٥ ملیار و ١٥ ملیۆن و ٩٦٧ هەزار دۆلار، بەوەش بە پلەی یەکەم دێت لە هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەل لەناو ئەو شەش وڵاتەی سەرەوەدا.

ئەگەر بەراوردیش بکرێت لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا، هەناردەی تورکیا بە بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار کەمیکردووە، چونکە لەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا  قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا گەیشتبووە ١٢ ملیار و ٤٤١ ملیۆن دۆلار.

بەرهەمە کیمیاییەکان پلەی یەکەمیان  هەیە لەو هاوردەکردنەدا و بە بڕی یەک ملیار و ٢٩٥ ملیۆن و ٩٣٠ هەزار دۆلار بووە، دوای ئەویش بەرهەمەکانی کەلوپەلی دانیشتن و ڕازاندنەوەی ناو ماڵ (ئەساس) بووە، کە بە بەهای ٩٨٤ ملیۆن و ٦٧٧ هەزار دۆلار بووە.

وەک لە ڕاپۆرتەکەی دەستەی سەرژمێری تورکیادا هاتووە، بڕی هەناردەی تورکیا لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا بۆ هەموو جیهان گەیشتووەتە ١١٨ ملیار و ٣٥٥ ملیۆن، لە کاتێکدا بڕی هاوردەی تورکیا لەو ماوەیەدا ١٨ ملیار و ٧٤٢ ملیۆن دۆلار بووە.

لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەعێراق، حکومەت بڕیاریدا دەروازە سنورییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ دابخات، جگە لە ئاڵۆگۆڕی بازرکانی و هاوردەکردنی کەلوپەلی پێویست و خۆراک، هەموو هاتوچۆیەکی تر لەسەرەتاوە قەدەغە کرا.



ڕیکلام