نیویۆرک تایمز: سیخوڕەکانی ئیسرائیل سەرکردەیەکی قاعیدەیان لە ئێران کوشتووە

  2020-11-14  | 
عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا کەسی دووەمی ڕێکخراوی قاعیدە ناسراوە بە ئەبو محەمەد میسری
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، کەسی دووەمی ڕێکخراوی قاعیدە کە تۆمەتبارە بە داڕشتنی پلانی تەقاندنەوەی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیشوەری ئەفریقا، لەسەر دەستی سیخوڕەکانی ئیسیرائیل لە ئێران کوژراوە، بەڵام ئێران ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە.

ڕۆژنامە لە زاری چەند لپێپرسراوێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کردەوەکە لە ڕۆژی ٧ی ئابی ئەمساڵدا لەسەردەستی چەند سیخوڕێکی ئیسرائیلی لە شاری تاران ئەنجامدراوە، ئۆپراسیۆنەکەش لەسەر داوای ئەمریکا بووە، بەڵام ئێران ڕەتیدەکاتەوە.

ڕۆژنامەکە لەزاری ئەو لێپرسراوانەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، دوو پیاو لەسەر ماتۆڕسکیلێک لە شاری تاران، دەستڕێژی تەقەیان کردووە لە عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا، کەسی دووەمی ڕێکخراوی قاعیدە، کە ناسراوە بە ئەبو محەمەد میسری و کوشتوویانە، کردەوەش لەو کاتەوە تا ئێستا بە نهێنی مابۆوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ئاشکرا نییە، کە ئایا واشنتۆن دەستی هەبووە لە کردەوەدا یاخود نا، لە کاتێکدا واشنتۆن چەند ساڵێک بووە بە شوێن ئەندامانی قاعیدەوە بووە لەناوخۆیی ئێراندا.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، کردەوەکە لە ڕۆژی هێرشەکانی سەر هەدوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە لە کبینا و تانزانیا لە ئەفریقا لە ساڵی ١٩٩٧، لە هێرشەکەدا کچی ئەو محەمەد میسریش کوژراوە، کە لەو کاتەدا لەگەڵ باوکیدا بووە، کە هاوسەری حەمزەی کوڕی ئوسامە بنلادنی سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە بووە.

نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی سەنتری قەلاچۆکردنی تیرۆی ئەمریکا کە مێژووەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨، عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا، یەکێک بووە لە هەرە شاڕەزاترین کەسی ناو قاعیدە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی ستراتیژی لە ناو ئەو سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە، کە تا ئەو کاتەش دەستگیر نەکرابوون.

لە بەرامبەر ئەو هەواڵانەش وەزارەتی دەرەوەی ئێران زانیار و ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی رەتکردەوە و بە هەواڵی دروستکراوی لەقەڵەمدا.

لەوبارەیەوە سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە تووندی ڕەتیکردەوە، هیچ ئەندامێکی ڕێکخراوی قاعیدە لەسەر خاکی وڵاتەکەی بوونیان هەبێت.

پێشتر دەسەڵاتدارانی فیدراڵی ئەمریکا، بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاریان وەک پاداشت دیاریکردبوو، بۆ هەر کەسێک کە زانیارییان بداتێ و ببێتە هۆی دەستگیرکردنی عەبدوڵا  ئەحمەد عەبدوڵا کە یەکێک بووە لە سەرکردە دیارەکانی  قاعیدە.



ڕیکلام