هەفتەی ڕابردوو ژمارەی پێوانەیی تووشبوون بە کۆرۆنا لە جیهاندا تۆمار کراوە

  2020-11-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، بە تەنها لە هەفتەی ڕابردوودالە جیهاندا نزیکەی ٤ ملیۆن کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لەوەتەی کۆرۆنا لە جیهاندا تەشەنەی کردووە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژانی ٨ بۆ ١٥ی ئەم مانگە، ٣ ملیۆن و ٩٧٧ هەزار و ٢٢٣ حاڵەتی نوی تۆمار کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٥٩ هەزار و ٦٩٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سەباری خۆپارێز و ڕێنماییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەو کیشوەرە لەماوەی ئەو هەفتەیەدا یەک ملیۆن و ٨٤٠ هەزار و ٨٥ کەس تووشبووی نوێ بە کۆرۆنا تۆمارکراوە و ٢٩ هەزار و ٤٣ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

سەبارەت بە ژمارەی تووشبوان لە هەردوو کیشوەری ئەوروپا ژمارەی تووشبوان لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار کەس و ١٩ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لەناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش ژمارەی تووشبوان لە هەفتەیەدا گەیشتووەتە ٣٧٣ هەزار کەس و ژمارەی ئەوانەش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەت  ٤٥٠٠ کەس.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، ژمارەی تووشبوان لەو هەفتەیەدا گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس، لە هیندستان لە هەفتەیەکدا ٣٠٦ هەزار کەس تووشبوون و لە ئیتالیا ٢٤٢ هەزار و لە فەرەنسا ٢٠٣ هەزار و لە بەرازیل زیاتر لە ١٧٩ هەزار کەس لە یەک هەفتەدا.

سەبارەت بە بەریتانیاش لە هەفتەیەکدا ١٧٣ هەزار کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و لە پۆڵەندا ١٦٩ هەزار و لە ڕوسیا ١٥١ هەزار و لە ئەڵمانیا ١٣٢ هەزار و لە ئیسپانیا ٨٧ هەزار کەسی دیکە لەو هەفتەیەدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

تا ئێستاش لە جیهاندا ٥٥ ملیۆن و ٦٠٠ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٣٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس چاکبوونەتەوە و یەک ملیۆن و ٣٤٠ هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.