رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دەدات

  2020-11-19  | 
جیهانی
رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دەدات
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەنزیکبوونەوە لە وەرزی زستان و ترس لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، هۆشداری لە هاتنی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دەدات و داوا لە وڵاتان دەکات رێوشوێنەکانی خۆپارێزی توند بکەنەوە.

ئەحمەد مەنزوری بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە قاهیرە رایگەیاند، وڵاتانی جیهان پاش ماوەیەک کەرەنتینکردن و خۆپارێزی، لە ئێستادا رێوشوێنەکانیان سوک کردووەتەوە و ئەوەش جێی نیگەرانییە.

سەبارەت بە دۆخی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەنزوری رایگەیاند، لە ئێستادا دۆخی تەندروستی ئێران لەهەموو وڵاتانی ناوچەکە خراپترە و کۆرۆنا بەشێوەیەکی مەترسیدار لە وڵاتە لە پەرەسەندندایە، وتیشی، زیاتر لە 60٪ی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەفتەی رابردوودا، لە وڵاتانی ئێران و ئۆردن و مەراکیش تۆمارکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رەچاوکەردنی مەودای کۆمەڵایەتی و دەمامک بەستنە، کە تاوەکو ئێستاش لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ ناکرێت، بۆیە نەخۆشخانەکان پڕن لە تووشبووانی کۆرۆنا.

بەڕێوەبەری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، جەختی لەوەشکردەوە کە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا زۆر مەترسیدارترە لە شەپۆلی یەکەم و بۆ ئەوەی ژمارەی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە بەرزنەبێتەوە، پێویستە وڵاتانی جیهان رێوشوێنەکان توند بکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە نۆ مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٧٦ هەزار کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و لە ئێستاشدا گیانی ژمارەیەکی زۆر لە مەترسیدایە.



ڕیکلام