ڕۆمان زبڵدانی وشە نییە

  2020-12-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گۆران سەباح

ئاستەمترینی ھەموو کارێک سەرەتایە. لە نووسینی ڕۆماندا ڕستەی یەکەمە. ئورسولا لێ گوین (Ursula Le Guin) دەڵێ: "ڕستەی یەکەم دەروازەیەکە بۆ ھەموو جیھان." 

قسە لەبارەی ڕستەی یەکەم ئەستەمە، لە باسی چۆنێتیی نووسینی ھەر مەپرسە. وەک ئەوە وایە بتەوێ تڕێلەیەک بە ددان ڕابکێشی. ناشکرێ باسی نەکەین؛ ئەم باسە ھەوڵێکە.
 
ڕستەی یەکەم دەبێ داوەتی خوێنەر بکات دەست بە خوێندنەوە بکات.  

ڕستەی یەکەم ستایلی نووسەر دیاری دەکات، سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت و تۆنی گێڕانەوە ئاشکرا دەکات. گروپی Writer Unboxed برێتییە لە کۆمەڵێک نووسیار و بریکاری ئەدەبی (Editors and agents)، بەرنامەیەکیان ھەیە بە ناوی (Flog a pro)، واتە ڕستەی یەکەمی ھەر ڕۆمانێک دەخوێننەوە و بڕیار دەدەن بەردەوام دەبن یان نا، زۆربەی جار نابن. ھۆکارەکەش بێتامییە. ڕستەی یەکەم دەبێ کورت و بەتام و سەرنجڕاکێش بێت. ئێ. باشە چۆن ڕستەیەکی وا دەنووسی؟ 

پێنج ساڵ دەبێ متووم بە ڕستەی یەکەمی ڕۆمانەیلەوە گرتووە. دوای وردبوونەوەم لە نێزیکەی ڕستەی یەکەمی پێنجسەت ڕۆمان (زۆربەیان ئینگلیزی)، گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە سەرنجڕاکێشترین ڕستەی یەکەم لە ڕۆمان دەکەوێتە یەکێک یان زێتر لەم پۆلانە: پرسیار، کارەکتەر، وێنە (imagery) و تێما (Theme). 

یەکەم: پرسیار

مەبەستم نییە بڵێم بە پرسیار دەست پێ بکە. نا. دەبێ ڕستەکە پرسیار لای خوێنەر دروست بکات. گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەش کە ڕستەی یەکەم ھەستەیلی کارەکتەر، ململانە، کات و شوێن، مگێز، تێما و ستایل لەخۆ دەگرێت. مەرج نییە و ناشکرێ ھەموو ئەوانەی تێدا بێت. ھەندێکیان. بە کورتی، ڕستەیەک بنووسە وا لە خوێنەر بکات ئەوەی دووەمیش بخوێنێتەوە، سێیەمیش، چوارەمیش، ھتد. ڕستەی یەکەم دەبێ وات لێ بکات بتەوێ زێتر بزانی.
چەند نموونەیەک باس دەکەم لە ڕۆمانی خۆماڵی و بیانی. 

"بەلەمەکان لە بەھار گەیشتن، پڕ بوون لە لاشەی بێ سەر." دایان کالەھان، ڕۆماننووس و نووسیار، ڕۆژێک ئەم دێڕەی نووسی. بێ ئەوەی ھیچ بیرۆکەیەکی ھەبێت، لەسەر ئەم ڕستەیە یەک چیرۆکی نووسی. بۆ؟ چونکە ڕستەکە بەھێزە، فرەڕەھەند و پڕە.  

دروستکردنی پرسیار لای خوێنەر بەھێزترین کەرستەی ڕستەی یەکەمە. دەبێ وا لە خوێنەر بکات بیەوێ بزانێت پاشان چی روو دەدات. ئۆکتاڤیا بەتلەر  ڕۆمانی (Kindred) بەم ڕستەیە دەست پێ دەکات: "قۆڵێکم لە دەست دا لە دوا گەشتم بۆ ماڵەوە." یەکسەر حەز دەکەی زێتر بزانی، ھەم لە بارەی ڕووداوەکە و ھەم لەبارەی کارەکتەرەکە. (ژانری ڕۆمانەکە خەیاڵی زانستییە (خەز)، لە ١٩٧٩دا بڵاو کراوەیە، بەڵام ھەڵگری دە خەڵاتە، لەوانەش نەبولە و ھیوگۆ. ڕۆمانەکە تا ئێستەش باوە لە ئەمریکا). 

با ڕابمێنین لە یەکەم ڕستەی ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆروێڵ: "ڕۆژێکی ساماڵی سارد بوو لە نیسان، سەعاتیش سێزدە." ساردییەکە کەشوھەواکەت پێ دەڵێت، ھیچ نییە. ئەوەی جێی سەرنجە پاڕستەکەیە، "سەعاتیش سێزدە"، پێوەندی بەو پەندە ئینگلیزییە ھەیە: (The thirteen stroke of the clock)، سێزدەمین لێدانی سەعات، واتە ڕووداوەیلی پێشووتر دەبێ بێنە لێوەکۆڵین. واتە ئەو ماستە مووێکی تێدایە.
 
با بنواڕینە ئەم ڕستەیە: "خۆش بوو بیانسووتێنی." ئەگەر ڕۆمانی (فەھرننایت ٤٥١)ی (رێی برادبێری)ت خوێندبێتەوە، تێدەگەی ئەم ڕستەیە کڕۆکی ھەموو ڕۆمانەکەیە. یەکسەر دەپرسی، کێ چ دەسووتێنێ، بۆچی خۆشە؟
ستێفن کینگ لە رۆمانی The Gunslinger دەڵێ: "پیاوە جل ڕەشەکە بە نێو بیاباندا ھەڵات، چەکدارەکەش بە دوای کەوت." خوێنەر دەپرسێت، ئەو کارەکتەرانە کێن، کێشەیان چییە، بۆ لە بیابان؟

ململانە و تاوانی وەک دزین، گرتن، ھەڵاتن و سووتاندن، چتێک کارەکتەرەکە نابێ بیکات و دەیکات، ئەمانە ھەمووی پرسیار لای خوێنەر دروست دەکەن.  یەکەم ڕستەی (The Trial)ی کافکا ئەوەیە: "دەبێ یەکێک جۆزفی کوشتبێت، چونکە بەیانییەک، یەکێک بێ ئەوەی ھیچی کردبێت ھاتە دەسگیرکردن".  جۆزیف کێیە؟ بۆ دەبێ بێتە کوشتن؟ کێ دەیکوژێت؟ کێ ھاتە دەسگیرکردن؟ 

بنواڕە ئەمانە: 

 "یەکەم جار لاشەیەکم دزی."  A. M. Jenkins, Repossessed
"بە دەنگی ئینزارەکان واگا دێت." Bill Clegg, Did you ever have a family
"بارە جلێک لە لای ڕێڕەوی شەمەندەفەرەکەیە."   The Girl on the Train, Paula Hawkins
"باڵەخانەکە ئاگری گرت، خەتای من نەبوو."  Jim Butcher, Blood Rites
بێو کارەکتەر لە ڕستەی یەکەمدا چتێکی نایاسایی بکات، بێ شک، پرسیار دروست دەکات. مردن (سروشتی، کوشتن، خۆکوشتن) ھەر شێوەیەک بێت سەرنجڕاکێشە لە ڕستەی یەکەمدا. 
"بەم شێوەیە یەکێک دەکوژم."  Mindy McGinnis, The Female of the Species 
"دایکم مرد ئەوڕۆ." Albert Camus, The Stranger  (تێبینی، وایان وەرگێڕاوە بۆ کوردی: "ئەوڕۆ دایکم مرد"، ئەمە جیاوازە لە دەقە ئەسڵییەکە، "دایکم مرد ئەوڕۆ"، با ئەمە بۆ کاتێکی تر بێت، چونکە فەرقیان ھەیە). 
"حەز دەکەم بزانم مردن چییە." Jesmyn Ward, Sing
"خەڵک گوو دەکەن بەخۆیاندا کاتێ دەمرن."  Jay kristoff, Nevernight
مەرجیش نییە ھەموو ڕستەیەکی کورت نیشانەکە بپێکێت. نا. ئەمە بخوێنەوە: "پانزە ساڵ لەمەوبەر باوکم مرد." یۆستاین گاردەر، کچەی پرتەقال، وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە بەھرۆز حەسەن. کورتە؟ بەڵێ. سەرنجڕاکێشە؟ پرسیار درست دەکات؟ داوەتت دەکات بۆ خوێندنەوە؟ نەخێر. 

جیاوازی چییە لە نێوان ڕستەی یەکەمی کامۆ و گاردەر؟ ئەوەی کامۆ سەرنجڕاکێشترە. بۆ؟ یەکیان دایکی دەمرێت، ئەوی تر باوکی. ھۆردووکیان گرینگن. جیاوازییەکە لێرەدا کاتە. ئەگەر ئەمڕۆ پێم بڵێی، "دایکم مرد" کاریگەرترە لەوەی پێم بڵێی "پازدە ساڵ لەمەوبەر دایکم مرد". 

نووسەر دەتوانێ بە باسکردنی ڕووداوێک یان کارەکتەرێک لە ڕستەی یەکەم پرسیار دروست بکات. 
"ئاوزای من بیریان دێ لە کوێ بوون و چییان دەکرد ئەو دەمەی لەبارەی پێشبڕکێیەکە بیستیان." Ready Player One by Ernest Cline
لەباتی ڕووداو، دەتوانی بە گۆڕانی ژیانی کارەکتەرێک دەست پێ بکەی: 
"ئەگەر دەمزانی پیاوێک دەبینم وەک ئێسک ھەپروون بە ھەپروونم دەکات لە تێرا کۆتا، ئەوا دەخەوتم."     Martha Hall Kelly, Lilac Girls
چتەیلی سەیر و دژیەک، ململانەی نێوان کارەکتەران، تاوان، مردن، ساتی گرینگ، ھەموو ئەمانە پرسیار دەوروژێنن لای خوێنەر. 

دووەم: کارەکتەر
گەلێ ڕستەیلی یەکەم ھەن پاڵەوان دەناسێنن. 
"شادۆ سێ ساڵی لە زیندان بەسەر برد."    Neil Gaiman, American Gods
ئەمە ناساندنێکی سادەیە. ناوەکە (کە بە ئینگلیزی واتە سێبەر) سەرنجڕاکێشە، خوێنەر پرسیار دەکات. بۆ گیراوە، ئەی ئێستە چی دەکات؟ 
نووسەر لە ڕستەی یەکەمدا دەتوانێت سیفەتێکی نامۆی پاڵەوان ئاشکرا بکات. 
"منداڵەکان ھەموویان، یەکیان نەبێ، گەشە دەکەن.J.M. Barrie, Peter Pan 
"بە بەرەواژی لەدایک بووم، دڕکە پەتک دوو جار لە ملم ئاڵا بوو."  Ulrica Hume’s Poppies
ڕستەی یەکەم تۆنی حیکایەتخوان دیاری دەکات. دەزانی کێ و بە چ گۆشەنیگایەک دەگێڕێتەوە. مەرج نییە ھەر پاڵەوان بێ، دەکرێ کارەکتەری لاوەکیش بێ. دەکرێ لەپاڵ ئەمانەش نوکتە یان دڕاما ھەبن.  
"دەیزی قاتێکی ڕەشی لەبەر کرد، یەخەی ھێندە درێژ بوو دەیتوانی دەرسی فەلسەفە بڵێتەوە." Harlan Coben, Don’t let go
لێرە بە نوکتەیەک دەست پێ دەکات، ئەوەش وامان لێ دەکات بەردەوام بین لە خوێندنەوەی. 

سێیەم: وێنە
وێنە تەکنیکێکی ترە نووسەر دەتوانێ خوێنەری پێ وەگەڕ بخات. دەکرێ وەسفی چتێک، شوێنێک یان کاتێک بێت. وەسف، ڕوون و ڕەوان و کورت نەک درێژدادڕ و بێ سەروبن بێ، کار دەکاتە سەر مگێزی خوێنەر. 
"کتێبەکە ئەستوور و ڕەش بوو و بە تۆز ھاتبووە داپۆشین."  A.S. Byatt’s Possession
ھەر بە وێنە دەتوانی بە سادەیی باسی پڵۆت و تێمای ڕۆمانەکەت بکەیت. ھەندێ جار ئەو چتەی دێتە وەسفکرن گرینگ نییە، گرینگ وەسفەکە خۆیەتی. بۆ نموونە، "ئاسمانی سەر بەندەرەکە ڕەنگی تەلەفزیۆنی بوو، بووە کەناڵێکی مردوو."Neuromancer, William Gibson  . سەتان جار وەسفی ئاسمان کراوە، بەڵام ئەم ڕستەیە ستایلی نووسەر پێشان دەدات؛ پێشانیشی دەدات ئەمە خەزە و مێتافۆری تەکنەلۆژیی تێدایە. 
بۆ دروستکردنی وێنەی تایبەت، چتێکی ئاسایی وەرگرە، وەسفێکی نائاسایی بکە. وەک ئەوەی سەرەوە. 

چوارەم: تێما
ڕۆمانی کلاسیک زۆجار بە قسەیەکی نەستەق، ڕاستییەک، یان پەندێک دەست پێ دەکات. بۆ نموونە، سەیری ڕستەی یەکەمی ڕۆمانەیلی چارلس دیکنس و دۆستۆوسکی و تۆلستۆی بکە. 
"خێزانەیلی دڵخۆش وەک یەکن؛ ھەر خێزانێکی خەمبار بە ڕێی جیاوازی خۆی خەمبارە." 
"ڕاستییەکی ددانپێدانراوی جیھانییە، پیاوێکی ڕەبەنی دەوڵەمەند ژنی دەوێ." 
بۆ کلاسیک، ئەمانە گرینگن چونکە جەخت دەکەنە سەر تێمای ڕۆمانەکە: ژیانی خێزانی، ھاوسەرگریی و دووڕوویی. ھەرچەندە بۆ من ڕستەیلی وا سەرنجڕاکێش نین. ستایلەکە سواوە، نووسەرەیلی خۆماڵی خۆیان لەم ستایلە مارە کردووە، زۆر حەزیان لە قسەی گەورە و بریقەدارە. ھەر ھێندە ڕستەیەکیان نووسی، پەنجای تری بە دوایدا ڕیز دەکەن، وا دەزانن ڕۆمان نووسین ئەوھایە. بۆ نموونە، شێرزاد حەسەن لە تەمی سەر خەرەند، وا لە خوارەوە باسم کردووە. 

ڕۆمانەیلی نوێش ھەن بە تێما دەست پێ دەکەن: 
"مێژوو ڕووخاندمانی، بەس قەیناکە." Min Jin Laww, Pachinko
"ژیان قسەی قۆڕە." Shaun David Hutchinson, We are the Ants
نەفرەتکردن سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت، تۆنی حیکایەتخوان دیاری دەکات. ئەگەر ویستت تێمەکەت کورت بکەیەوە لە ڕستەی یەکەمدا، چتی سواو مەنووسە. بۆ نموونە، "خۆشەویستی جیھان داگیر دەکات."

پێنجەم: تێکەڵ
دەکرێ ڕستەی یەکەم تێکەڵەیەک بێت لە پرسیار، کارەکتەر، وێنە و تێما. 
"ئەو شەوەی ئافیە ئۆچەر لە گەرمای بەتێنی فانتلاندا لەدایک بوو، دەرەوەی ماڵی باوکی سووتا." Yaa Gyasi, Homegoing 
ناوی کارەکتەر ھەیە، شوێن ھەیە، کێشە (ئاگر) ھەیە، کارەکتەری لاوەکی ھەیە، پرسیاری ئەوەش، کێندەری دەرەوەی ماڵی باوکی؟ بۆچی؟ دوژمندارن؟ 
ڕۆمان بە دایەلۆگ دەست پێ مەکە. ھەرچەندە گەلێ ڕۆمانی بەناوبانگ بەوە دەستیان پێ کردووە و بەسەریشیاندا تێپەڕیوە. زۆرجار ناوبانگی نووسەرەکە پۆخڵەواتی نووسینی دادەپۆشێت. شێرزاد و بەختیار دوو نموونەن.  
"بە چاوی ئەو تەماشام کردووە، بە گوێی ئەو گوێم گرتووە، پێت دەڵێم ئەوە ھەوە خۆیەتی." Orson Scott Card, Ender’s Game
ڕەچاوکردنی ژانری ڕۆمان گرینگە بۆ نووسینی ڕستەی یەکەم. لە کاتی نۆڕینی ڕستەی یەکەمی ھەزار ڕۆمان، ئەمانەم بەدی کردووە: ڕۆمانەیلی ڕۆمانس بە تێما دەست پێ دەکەن؛ ئەدەبی بە وێنە؛ فەنتازیا بە دروستکردنی پرسیار لای خوێنەر؛ تەشویق بە وێنە؛ خەز بە کارەکتەر و پرسیار؛ ڕۆمانی منداڵان بە کارەکتەر. 

چەند نموونەیەک لە ڕۆمانی خۆماڵی: 
"من لەبەرەبەیانی یەکەمەوە زانیم کە دیلیکردووم." بەختیار عەلی، دواھەمین ھەناری دونیا، چاپی شەشەم. ئەم ڕستەیە پرسیار لای خوێنەر دروست دەکات. کورتیشە. کێ کێی دیل کردووە؟ بۆچی؟ ڕستەکە گۆشەنیگای ڕۆمانەکەت پێ دەڵێت. گرفتی ئەم ڕستەیە لە وشەی (زانیم)ە. بێو وا بایە، "نەمدەزانی بۆچی دیلیکردووم"، گەلێ جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەبوو. ھەرچەندە دوای ئەم ڕستەیە نووسەر ھێندە داوی داوەتە وەسف و دووبارەکردنەوە، خوێنەر بێزار دەبێت. مانای ئەوە نییە ڕۆمانەکە خراپە. نا. ئێمە باسی ڕستەی یەکەمی ڕۆمان دەکەین. 

"یەکێک لە ئێوارە ساردەکانی زستان بوو کە مەنگوڕی بابەگەورە و کامەرانی سەلما لە سەر سیلەی یەکێک لە کۆڵانەکاندا مەنسور ئەسرینیان بینی." بەختیار عەلی، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان. ئەم ڕستەیە کات و کارەکتەر و شوێنت پێ دەڵێت، بەڵام ھیچ ڕووداوێکی وای تێدا نییە سەرنجت ڕابکێشێت. یەکتربینین لێرەدا ھیچ بەھایەکی نییە، ڕۆژانە بە ھەزاران کەس لە کۆڵانەکان یەکتر دەبینن. سێ ناوی تێدایە، بەڵام ھیچ چتێکی نامۆمان پێ ناڵێن. ئەم جۆرە ڕستانە لە تامی ڕۆمانەکە کەم دەکەنەوە. 

"من (خەندانی چکۆلە) چەندین ساڵ لەمەوبەر ھەموو ئەو ڕووداوە سەیرانە ژیام کە دواجار ئەستەم بوو تا کەمێک گەورە نەبم بتوانم لە ھەموو ماناکانیان تێبگەم و بیاننوسمەوە، ئەو ڕووداوانەی ئێستا وەکو یەکەیەکی لەیەک نەترازاو لێیان دەڕوانم، نەک تەنھا لەبەرئەوەی ھەموو ئەو شتانەی کە ڕوویاندا پەیوەندییەکی گەورەیان بەیەکەوە ھەبوو، بەڵکو لەبەرئەوەی وا تێدەگەم قەدەری مرۆڤەکانیش بە ئاسانی لەیەکدی جیاناکرێنەوە." بەختیار عەلی، ئێوارەی پەروانە. ئەمە ڕستەیەکی درێژ و وەڕسکەرە. پێویستی بە ئێدیتێکی چاک ھەیە. یەکێکە لە خراپترین ڕستەیلی یەکەمی ڕۆمان. خۆ ڕۆمان وتار نییە. ئەمە بە دەستپێکی وتاری کۆمەڵناسێک دەچێت. با لێتانی نەشارمەوە، ڕۆمانەیلی بەختیار پێویستییان بە ئێدیت ھەیە چونکە زمانەکەی خراپە. خۆ زمان بە شەرتی تێنەگەیشتن و قسەی گەورە نییە. خۆ ھەر ڕستە ڕیزکردن نییە. 

"ھەر دوای گەڕانەوەم لە غەریبی، لە پاش کۆچ و سەرھەڵگرتنی چەندەھا ساڵ، وێڵبوونم دەنێو شاخ و کێوان، دەربەدەریم دەنێو گوند و شاران، چەشتنی گەرما و سەرما، تاڵی و سوێری، ھیوا و دڵساردی، سەرکەوتن و نوشستی . . ." شێرزاد حەسەن، تەمی سەر خەرەند. ئەم ڕستەیە لە یەک لاپەڕە زێترە! دەستپێکی ئەم ڕۆمانە خراپترین دەستپێکە تا ئێستە بینیبێتم. درێژ، بێ سەروبەر، زمانێکی خراپ. بە ھیچ شێوەیەک سەرنجت ڕاناکێشێت. وشەیلی زیاد و بێ مانا. تێناگەم نووسەر بۆ وا داوی داوەتێ. خۆ ڕۆمان بە داودان نییە. بێزارکەرە و ھەرچی ڕستە ھەیە لەبەر چاوت دەکەوێت. 

"بەردەوام دەستی چرچ و لەرزۆکی لەو ئۆتۆمبیلانە ڕادەگرت، کە تیژ تیژ بەسەر ئەو شەقامە جەنجاڵەدا تێدەپەڕین . . . " کاروان کاکەسوور، گازینۆی منداڵان. ڕستەی یەکەمی زۆر درێژە و ھیچ پرسیاریش دروست ناکات. ئەم ڕستەیە پێمان دەڵێت ئۆتۆمبیل خێرایە، شەقام قەرەباڵخە، چرچ و لەرزۆکی نیشانەی پیرین. خوێنەر ئەو چتانە دەزانێت. 

""نەدەکرا، نەخێر، بە ھیچ شێوەیەک نەدەکرا ئەم چیرۆکە لە ژیاندا بگێڕێتەوە، لەبەر ھۆیەکی زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە، کۆتاییەکەی نەدەزانی . . ." کاروان کاکەسوور، ماڵی نانی. تکایە بە ھیچ جۆرێک ڕۆمان بەم دێڕە تەقلیدی و سواوانە دەست پێ مەکەن. ھیچی تێدا نییە، بۆیە خوێنەر لە ڕستەی یەکەم واز دێنێت. 

"ھەر کەسێک لە ژیانیدا ھەیە، بێئەوەی بەخۆی بزانێت، ھەستدەکات قورسایی کەم دەبێتەوە و سووک دەبێت." عەتا محمد، ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان. ئەمە دەچێتە ژێر پۆلی چوارەم، تێما. چەشنی ڕۆمانەیلی کلاسیک بە قسەیەکی گەورە دەستی پێ کردووە. زێتر بە وتار دەچێت. بەداخەوە، ڕۆمانەیلی کوردی پڕن لە وتار. 

"بۆ خۆشم باوەڕم نەدەکرد چۆن لەپڕو بەبێ ھیچ پێشینەیەک بووم بە خاوەن پارەیەکی زۆرو بەمەش توانیم خەونێکی سەردەمی لاویم بێنمە دی کە کردنەوەی خانەیەک بوو بۆ ئەو کەسانەی دڵتەنگن و خەمۆکی قورس یان نەخۆشی دەروونییان ھەیە." ماردین ئیبراھیم، خەونی پیاوە ئێرانییەکان. ڕستەیەکی درێژ و وەڕسکەرە. باشە بۆ نانووسی، "لەپڕ دەوڵەمەند بووم"، یان "خۆشم نازانم چۆن لەپڕ دەوڵەمەند بووم"؟ ئەگەر ڕستەی یەکەمت ٤٠ وشە بێت، دەبێ پەرەگرافت چەند بێ؟ 

"داکم لا سەری نابووە چوارچێوەی پەنجەرەکەوە، لەرینەوەیەکی مەوزون و ڕیتمدار بە تەواوی لەشیەوە دەبینرا، شوشەی پەنجەرەکە بێ خاوەنی پێوە دیار بوو، بەڵخێکی پەڵە پەڵە و نەرمە تۆز بە ڕووییەوە قەتماغەی بەستبوو . . . خوسرەو جاف، دەغدو. ئەم ڕستەیە ھەر ھەمووی زیادەیە، چونکە وەسف و کارەکتەرەکەی خنکاندووە بە وشەی زیادە. ھیچ پرسیار لای خوێنەر دروست ناکات، ھیچ سۆزێکت بۆ دایکی نێو ئەم ڕستەیە ناچێت. لەسەرەوە گوتم ڕستەی یەکەم تۆنی حیکایەتخوان ئاشکرا دەکات. وشەی "مەوزون" تۆنە بێتامەکە زەق دەکاتەوە. 

"دەمولووتھەڵپێچراو بە دەستی ڕاستی جلەکانی و جەمەدانییەکەی لە خۆڵی تێکەڵ بە بارانەکە تەکاندن، لە ناو گۆڕەکەوە بە دەنگی بەرز گوتی: ئیتر بەسیەتی." میرنامە، جاندۆست. بەشی یەکەمی ڕستەکە زیادەیە. خۆزگە وای دەنووسی: "لە ناو گۆڕەکە گوتی ئیتر بەسە." 

"یەکەم جار بوو ئاوا بێپرس لە ماڵێ بێتە دەرێ، پرس بە کەس نەکات و ڕێگا بگرێتە بەر، نەک بۆ بازاڕ و ماڵە خزم و سەردان، نا." جەبار جەمال غەریب، گریانی سەردەمی بەڵقیس. ڕستەکە ٢٦ وشەیە، ١٤ وشەی زیادە. بنواڕە ھەمان ڕستە بەبێ وشەیلی زیاد: "یەکەم جار بوو پرس بە کەس نەکات و لە ماڵێ بێتە دەرێ." یان،  "یەکەم جار بوو بێ پرس لە ماڵێ بچێتە دەرێ." ئەم ڕستەیە بوێریی کارەکتەرێکمان پێشان دەدات. بنزاری گێڕانەوەکەش. بەڵام نووسەر ھێندە وشەی زیادەی تێ کردووە تامەکەی مراندووە. ئەوانەی شێرزاد و بەختیاریش کە لەسەرەوە باسم کردن پڕن لە وشەی زیاد. خۆ ڕۆمان زبڵدانی وشە نییە تا بە کەیفی خۆت وشەی تێکەی. بە بستیش نییە. بە ئینگلیزی دەڵێن، "Less is more"، واتە کەمتر زێترە. لای بەختیار و شێرزاد و خوسرەو و جەبار  و ئەوانی تر وایە، "درێژتر باشترە." کاکە وا نییە. چەند خەتای نووسەرە، سێ ئەوەندەش خەتای خانەیلی چاپە. بۆ؟ ئەوان پڕۆسێسی نووسیارییان (تەحریر) نییە. خانەیلی پڕۆفێشنالێ چاپ لە ئەمریکا شەش مانگ تا ساڵێک بە پڕۆسێسی نووسیاریدا خەریک دەبن. بۆیە نووسەر زەندەقی لە نووسیار چووە، زۆری ماندوو دەکات. بەداخەوە لێرە، خانەی چاپ تەنێ ھەڵەبڕی و چاککاردنی ڕێنووست بۆ دەکات، ئەوانەیش باش ناکەن. بۆ نموونە ڕۆمانی "گریانی سەردەمی بەلقیس" پڕە لە ھەڵەی چاپ و ڕێنووس. 

"ئێوارەیەکی درەنگ دونیا تاریک داھاتبوو، کاژوان گەیشتەوە بەر دەرگای ماڵی خۆیان، چەند جارێک لە دەرگاکەی دا، کەس نەبوو دەرگاکە بکاتەوە، پەنجەی خستە سەر دوگمەی زەنگەکە." نەریمان کاکەسوور، ھێشتا کەسێک چاوەڕێمە. ڕستەیەکی ساردە، نە ملاملانە، نە تێما، نە وەسف، نە وێنە، نە ڕووداو، ھیچی تێدا نییە.

"چیرۆکێک لێرەوە دەست پێ دەکات، وا باشە ھەر ئێستە بیگێڕمەوە . . ." ئارام محمد، مەرگی مێژوونووس. ئەم ڕستەیە ھیچت پێ ناڵێت و زۆریش بێزارکەرە. کارەکتەر، وێنە، تێما، ململانە، کێشە، ھیچی تێدا نییە و ھیچ پرسیارێکیش لای خوێنەر دروست ناکات. نابێ ڕۆمان بەم جۆرە ڕستانە بێنە دەستپێکرن. 
 
"ھەموو تەمەنم لە ماڵەوە بەسەر برد، مەخلووقێکم بۆ ھەڵکۆڵینی تەنیایی." ئارام محمد، خەوتوو. باشیی ئەم ڕستەیە ئەمانەن: کورتە. چتێکی نامۆت پێ دەڵێ؛ کەس نییە ھەموو تەمەنی لە ماڵەوە بەسەر ببات. خۆزگە بەشی دووەمی تێدا نەبا. "ھەموو تەمەنم لە ماڵەوە بەسەر برد" جوانتر دەبوو. خوێنەر حەز دەکات بزانێت چەند ساڵ و چۆنیشی بەسەر بردووە و چی کردووە. 

"لە ٢/٢/٢٠٢٢دا، ئاپۆرەیەکی سوور لەسەر قەڵای شاری زیندووان لە وڵاتی شازلاند کۆ دەبنەوە." گۆران سەباح، دووی سوور. کاتەکە سەرنجڕاکێشە، پێمان دەڵێ ڕووداوەیل لە ئایندە ڕوو دەدەن. خەڵکێکی سوور سەرنجڕاکیشە، پرسیار دروست دەکات: بۆچی سوور؟ کێن؟ شوێنەکانیش پێمان دەڵێن ڕۆمانەکە جیھانێکی تایبەت بەخۆی ھەیە، خوێنەر حەز دەکات لەبارەیانەوە بزانێت. پرسیار دروست دەبێ، بۆچی گروپێک خەڵکی سوور لەم مێژووە سەیرەدا لەسەر قەڵایەک کۆ دەبنەوە؟ 

"لە دۆزەخەوە بۆ بەھەشت، لە بەھەشتەوە بۆ دۆزەخ." گۆران سەباح، ترس و ڕق. ھیچ نییە ئەم ڕستەیە. خۆزگە ئەوەی ئێستە دەزانم، ئەوسا بمزانیبا، قەت بەو مەتەڵە دەستم پێ نەدەکرد. زۆر خراپە. خۆ ڕۆمان نووسین مەتەڵ نییە. دەگ داوەشێم لەگەڵ خۆم و ڕستەشم. 

"مرۆڤ دەبارێت." گۆران سەباح، مرۆڤی ھەرزان. (ئەمە ڕۆمانی چوارەممە، بەم زووانە لەلایەن خانەی نووسیار دێتە چاپ و بڵاوەکردن). ڕستەکە دوو وشەیە. چتێکی ھەرە نامۆیە و پرسیار دروست دەکات. چۆن مرۆڤ دەبارێت؟ لە کوێ؟ بۆچی؟ تۆنی حیکایەتخوانت پێ دەڵێت. ستایلی نووسەر ئاشکرا دەکات: ڕستەیلی کورت و زمانێکی سادە). 

"لە سەردەمی منداڵیمەوە بەردەوام پیاوێکی ڕیشسپیی کورتەباڵا، ڕەنگی چاوەکانی قاوەیی و لووتێکی قنج، کەوا و سەڵتەی لەبەردایە و مشکییەکی ڕەشی بەتوندی بە سەریەوە پێچاوە، گەلێک جار فەرەنجییەکی ڕەنگ بۆری لەبەردایە و فەقیانە سپییەکانی زوو زوو لە بازووی توند دەکات و بە لاچاوێک بەسەرنجەوە لێم دەڕوانێت، دەتوانم بڵێم، پیاوێکی جرپنە و جەستە و قسەکانی بەردەوام پەلەپەلیان پێوە دیارە، کاتێک دەدوێت ھەناسەی بۆنی ڕازیانەی لێ دێت." میران ئەبڕاھام، نیشتمانی سارا. ئەم ڕستەیە دەچێتە پۆلی وێنە. ڕستەکە درێژە، یەک پەرەگرافە. خۆزگە وای دەنووسی، "کورتەباڵایەکی ڕیش سپیی جرپن فەرەنجییەکی بۆری لەبەر دایە و بە چاوەیلی قاوەیی تەماشام دەکات." وەسفەکە کورتترە، روونترە و سێ ڕەنگیشی تێدایە. کارەکەتەرەکەش سەرنجڕاکێشە. وەسفی ورد بە مانای درێژدادڕی نایەت. 

"ئەو ڕۆژە، دوای سەفەرێکی دوورودرێژ لە ڕۆماوە بۆ بڕۆکسل و پاشان بۆ شارەکەم، ئەمستردام، گەڕامەوە، کاتێک خۆم کرد بە کۆڵانی فرێدریک، کاتژمێر ھەشتی شەو بوو، ئەو کۆڵانەی ماڵی ئێمەی لێ بوو لە شاری ئەمستردام." میران ئەبڕاھام، شەوگەڕەکان. میرانی برام، بریا قەت ئەوھات دەست پێ نەکردبا. ھیچی تێدا نییە.
 
"ئومێد، ئەو ڕۆژەی لە سەربان وێستا بوو، ئازارێکی بێ ئامان خەریکبوو بەنێو سەرتاپای لەشیدا شۆڕدەبووەوە، پێی وابوو ئیدی ژیان، ئەو بەھایەی نەماوە، تاوەکوو خۆتی پێیەوە شۆڕ بکەیتەوە، بۆیە وا لە ھزران ڕۆچوو، دەرووێکی بۆ دەربازبوون لە کول و کۆڤان و ئازارەکانی دۆزیوەتەوە، چی دیکە ڕێ نادات، خەم . . . " سابیر ڕەشید، کتێبفرۆش. ڕستەیەکی سواوی، بێزارکەری درێژ. ئەو ھەموو وشە پێمان دەڵێت ئومێد خەم و ئازاری ھەیە. کێ ھەیە خەم و ئازاری نەبێ؟ بۆ وای نانووسی: "دەچێتە سەربان، بەنیازە خۆی فڕێ بداتە خوارێ"؟ ئەم ڕستەیە پرسیار دروست دەکات. کێ دەیەوێ خۆی بکوژێت؟ بۆچی؟ ھتد. 

"سەعات چواریی ئێوارەی ناوەڕاستی مانگی نیسان بوو، بارینی گەواڵە بارانێک ئەو ناوەی تەڕ و سارد کردبوو، بەڵام خەلیفە (قادر) لە حەوشەی تەکییەدا، بە ھێمنی دەستی پێکرد: ئەڵڵا، ئەڵڵا، ئەڵڵا، ئەڵڵا . . . " ھۆشەنگ شیخ محمد، میدیا. بە وێنە دەستی پێ کردووە، کارەکتەر و کردارێکیش ھەن، بەڵام ڕستەکە سەرنجڕاکێش نییە چونکە پێمان دەڵێ ئێوارەیەکی سارد خەلیفەیەک دەستی بە زیکر کرد. چتێکی ئاساییە. خەلیفە ئیشی ئەوەیە زیکر بکات. چتێکی نامۆ نییە. 
ڕستەی یەکەم گرینگترین وێستەگەیە دوای تایتڵ. تایتڵیشت سەرنجڕاکێش نەبێت، ڕستەی یەکەم، ئەگەر کورت و سەرنجڕاکێش بێت، ڕووت دەکڕێتەوە. 


ڕیکلام