ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سزای سەپاند بەسەر ٧ کەسایەتی و ١٠ قەوارەی حکومەتی سوریادا، یەکێکیان بانکی ناوەندی سوریایە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی ئەمریکا و بۆ بەهێزکردنی بابەتی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێی ناوخۆیی سوریا، وەزارەتی خەزێنە بڕیاری دا بە سزادانی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی سوریا و خێزانەکەی، کە ئەندامە لە ئەنجومەنی گەلی سوریا و قەوارە بازرگانیەکانیان.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری ئەوەش ، سزا سەپێنراوە بەسەر بانکی ناوەندیی سوریا و بلۆککردنی سەروەت و سامانی ئەو کەسانەی کە سزاکان گرتوونیەتەوە لە ناوخۆیی ئەمریکا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، سزاکان ٧ کەسایەتی و ٩ قەوارەی بازرگانی و بانکی ناوەندی سوریا سزاکان دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لە و بڕیارە پەخستنی کاری وەبەرهێنانە لەو ناوچانەی کە حکومەتی سوریا کۆنترۆڵیکردووەتەوە، هەروەها پابەند کردنی دیمەشقە بە و پرۆسەیەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەستۆی گرتووە، بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ بڕیاری ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئەو کەسایەتییە سوریانەش کە بڕیاری سزادانەکە گرتوونیەتەوە، هەموو سامانە کانیان بلۆک دەکرێت و ڕێگەشیان نادرێت بێنە ناوخۆیی ئەمریکاوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاڵ گەلی سوریادا وەستێتەوە.