وتەبێژی هەدەپە: ئەگەر دەمیرتاش ئازاد نەکرێت دەبێتە شەرم بۆ تورکیا

  2020-12-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە رایگەیاند ئەگەر سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازادنەکرێت دەبێتە شەرم بۆ تورکیا لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا.

ئەبرو گونای وتەبێژی هەدەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش زۆر گرنگە و دادگا بەو بڕیارەی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی تیشکی خستە سەر ئەو سزا سیاسیانەی لە تورکیا لە دژی گەلی کورد دەدرێن.

وتیشی جێبەجێنەکردنی ئەم بڕیارە هێمای کوشتنی داد و یەکسانیە و داوای کرد بە تایبەت دەمیرتاش و هەموو سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەرانی تریان ئازاد بکرێن .

وتەبێژی هەدەپە لە وەڵامی ئەردۆغاندا کە ڕایگەیاندبوو ئەو بڕیارە پەیوەندی بەوانەوە نیە ڕایگەیاند"ئەگەر ئەم بڕیارە پەیوەندی بە ئێوەوە نەبێت، کاتێک ئێوە بە هۆی هەڵبەست و شیعرەوە دادگایی دەکران، بۆچی سەردانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاتان دەکرد؟.

ئەبرو گۆنای داواشی لەحزب و رێکخراو و لایەن  وکەسایەتیە دیموکراتەکانی تورکیا کرد پێکەوە کاربکەن بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش و وتی ئەم بڕیارە داداگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەرفەتێکە وەرن با هەموومان ئەم دەرفەتە گەورە بکەین.

وتیشی  ئەگەر ئەم دەسەڵاتە، ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکات، ئەوا دەبێت کەسانی دیمۆکرات و یەکسانخواز، داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەک داغ، لەیلا گوڤەن و هەموو سیاسەتمەدارانی تر بکەن. وەرن با کاروانی داد و یەکسانی و ئازادی بەرفراوان بکەین."

ئەوە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی ڕابردوودا دوبارە داداگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا بە ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و داوای لە تورکیا کرد بڕیارەکە جێبەجێبکات بەڵام ئەردۆغان وتی ئەو دادگایە پیاوەکانی خۆیان دەپارێزن.



ڕیکلام