بۆچی دەنووسم؟

  2020-12-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حسەین لەتیف

1

بۆچی دەنووسم؟ پرسیارێکە  پێویستە هەموو نووسەرێک لە خۆی بکات، وەڵامدانەوەی وەها پرسیارێک ناڵێم دەقی تر بەرهەم دەهێنێت، بەڵکو بە جۆرێک لەجۆرەکانی یارمەتی خوێنەر دەدات بۆ تێگەیشتن لەجیهانی نووسینی ئەو
.

وەڵامی  پرسیاری بۆ چی دەنووسم ؟خوێنەر ئاشنا دەکات بە ئەزموون و وێستگە جیاوازەکانی خوێندنەوەو نووسینی نووسەر .

2

بوو گۆستافۆن ، لە ڕێگای وەڵامدانەوەی  ئەو پرسیارەوە باس لەقەیرانی  ڕۆحی خۆی دەکات کە بەهۆی ئامادەنەبوونی ئاینەوە بۆی دروست بووە، ئەو بۆ پڕکردنەوەی قەیرانە ڕۆحێکەی خۆی شیعر دەنووسێت.  ئەو بۆیە دەنووسێت لەکەلتوری کۆمەڵگەی نوێی سویدی بێزارە و کەشی ئەو کۆمەڵگەیە بە کەشێکی دژە ڕووناکبیریی ناو دەبات .

3

نووسین بۆ پڕکردنەوەی قەیرانی ڕۆحی، بۆ گەڕان بە دوای وەڵامدا، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی دونیای ناوەوەی مرۆڤ لەگەڵ دونیای دەرەوەیدا تێکستی داهێنەرانە بەرهەم دەهێنێت .

4

ئمیل سیۆران، یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی لوتکەی نائومێدی نووسی، پاش ئەوە چەندین کتێبی تری نووسی  هەر درێژکراوەی کتێبی  یەکەمی بوون. لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی بۆ لە لوتکەی نائومێدییەوە تا دوا بەرهەمی هەر باسی ڕەشبینی و نائومێدی دەکات ؟ دەڵێت: هەر سکرتێری  بەردەستی هەستەکانی خۆم بووم .

سیۆران تەنها هەستەکانی خۆی نووسیووەتەوە نەک ویستبێتی فەلسەفەیەک بۆ ڕەشبینی بخاتە ڕوو، یان ڕەشبینی بفەلسەفێنێت. سێوارن بۆ ڕازیکردنی هەستەکانی خۆی نووسیوویەتی و  هیچی تر .

5

هەرکاتێک بمەوێت بنووسم هەست دەکەم بۆشاییەک لە من دا هەیە بە نووسین پڕ دەبێتەوە، جگە لە نووسین بە هیچی تر پڕ نابێتەوە. هەر شیعرێک نووسیوومە کەش و هەوای جەنگ زاڵە بەسەریدا، ئامادەبوونی سێبەری تۆخی جەنگ بەسەر شیعری منەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی منداڵی من، بۆ ئەو ڕۆژگارەی  جەنگی نێوان عێراق و ئێران زۆرێک لە ئاشنا و ئازیزەکانی بردم. ئامادەبوونی جەنگ لە شیعری مندا ، بە جۆرێک لە جۆرەکان بە یادهێنانەوەی  ئەو ئازیزانەیە جەنگ لێی ڕفاندم، جگە لە شیعر هیچ شتێک دڵنەوایی من ناکاتەوە، من بۆیە دەنووسم هەتا قەرەبووی ئەو هەموو دڵشکانەی منداڵیم بکەمەوە کە جەنگ بەسەری هێنام .



ڕیکلام