وەزیری پەروەردە لەبارەی دەستپێكردنەوەی خوێندن روونكردنەوە دەدات

  2020-12-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و ناوەندەكانی خوێندن چاوەڕوانی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی و بڕیاری لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەكەن.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەگەر پێویست بكات نەكردنەوەی قوتابخانەكان درێژ بكرێتەوە بە دڵنیاییەوە ئەو بڕیارە دەدەین. 

ناوبراو وتیشی: بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان هەڵسەنگاندنی تەندروستی بنەمای ئەو بڕیارە دەبێت كە لەلایەن لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا دەدرێت، هەمووشتان ئاگادارن لە رۆژی یەكی تشرینی دووەم كاتێك بڕیاردرا ناوەندەكانی خوێندن دابخرێن تا ئێستا ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا رووی لە دابەزینە. 

وەزیری پەروەردە وتیشی: ناكرێت ریسك بە ژیانی خوێندكاران و مامۆستایان بكەین، دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بە بێ هەڵسەنگاندن بكەینەوە، بۆ ئەوەی خۆمان بپارێزین لەوە قسەی یەكەم و كۆتایمان هەڵسەنگاندنی تەندروستیە، بەڵام بڕیارەكەش لە وەزارەتی تەندروستی نیە بەڵكو لەلایەن لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دەردەچێت. 

ئالان حەمە سەعید وتیشی: ئەگەر بڕیاربدرێت دەرگای قوتابخانەكان بە كەمكردنەوەی دەوام دەستپێبكاتەوە لەو چوارچێوەیە خۆمان ئامادە دەكەین، ئەگەر بڕیاریش بێت دوا بكەوێت ساڵنامەی خۆمان دادەڕێژینەوە بەشێوەیەك كە بتوانین قەرەبووی بكەینەوە. 


ڕیکلام