بەریتانیا سەردەمێکی نوێ لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات

  2021-01-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای هاتنە دەرەوە بە تەواوی لە یەکێتی ئەوروپا، دەوڵەتی بەریتانیا سەردەمێکی نوێ بە فەرمی دەستپێدەکات لە دەرەوەی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا.

لەنزیک نیوە شەوی ڕابردوەوە، حکومەتی بەریتانیا بە فەرمی هەموو بنەماکانی کارکردنی یەکێتی ئەوروپای لای خۆیەوە ڕاگرت و دەستی کرد، بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی نوێ سەبارەت بە گەشت و بازرگانی و کۆچ و هاریکاری ئەمنی لەگەڵ سەرجەم دەوڵەتانی ئەوروپا.

بۆریس جۆنسۆن لەوبارەیەوە ڕایگەیاند "وڵاتەکەی لەمەودوا ئازادی بەدەست خۆیەتی و دەبێت تا دەتوانێت سودی لێ ببینێت".

لەسەرەتای ساڵی نوێشەوە گۆڕانکارییە مێژووییەکانی بنەمای گەشت و بازرگانی و کۆچ و ئاسایش لەچوارچێوەی دەوڵەتی بەریتانیادا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەو هۆیەشەوە لەندەن سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کیشوەری ئەوروپا.

ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەش لە کاتێکدایە، ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا خۆشداریان، لە پەککەوتنی هەندێک لە کار و چالاکییەکان لە ڕۆژان و تەنانەت تا چەند هەفتەی داهاتووش، تا ئەو کاتەی مامەڵەی کۆمپانیا بازرگانییەکانی بەریتانیا بە گوێرەی گۆڕانکارییە نوێیەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا جێگیری بەخۆیەوە دەبینێت.

هاوکات لێپرسراوانی سنوری بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، جەختیانکردەوە، سیستمی کاروچارکی سنورەکان بەگوێرەی ڕێسا نوێیەکان ئامادەن بۆ جێبەجێکردن، بەڵام مەترسی هەیە ئەو ڕێوشوێنانە لە بەندەرەکان کەمێک بە خاوی بەڕێوە بچێت.

لە پەیامێکیشدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کە بە بۆنەی ساڵی نوێوە بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستاوە لەندەن دەتوانێت بەشێوەیەکی جیاواز ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، هەر کاتێک بیەوێت.

پەرلەمانی بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا ڕێککەوتنی بازرگانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا پەسەند کرد و لە ئەمڕۆشەوە ڕێوشوێنەکانی وەک باج و گومرگ، لەسەر کەلوپەلی هاوردە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانەش کە لە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەرەتای ساڵەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە بریتین لە:

-کۆتایی هاتن بە هاتووچۆی کەسەکان لە نێوان بەریتانیا و ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا و گۆڕینی بەشێوازی سیستم و ڕێساکانی کۆچ کە لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە.

-هەر کەسێکی بەریتانی بیەوێت لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بمێنێتەوە، بۆ زیاتر لە ٩٠ ڕۆژ ، پێویستە لە ماوەی ١٨٠ ڕۆژدا ڤیزای ئەو وڵاتانە وەربگرێت کە دەیەوێت تیایاندا بمێنێتەوە.

-لێخۆشبوونی گومرگی پێشتر دەخرێتەوە گەڕ، هەر کەسێک کە دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا دەتوانێت بڕی ٤٢ لیتر بیرە و ١٨ لیتر شەراب و ٤ لیتر خواردنەوە کحولییەکان و ٢٠٠ جگەرە، لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە بێ ئەوەی گومرگ بکرێت.

-هەموو هاوڵاتیانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا (جگە لە هاوڵاتیانی کۆماری ئیرلەندا) کە دەیانەوێت بێتە بەریتانیاوە، دەبێت هەموو ڕێوشوێنەکانی هاتووچۆ و مانەوە پەیڕەو بکەن، وەک چۆن بۆ هەر شوێنێکی دیکەی جیهان دەچن.

-ڕێگە دەدرێت بە پۆلیسی بەریتانیا، بەشێوەیەکی دەستبەجێ بگەن بە زانیاری و مۆری پەنجەی هەر کەسێکی ناو ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، بە تایبەت لەو دۆسیانەی کە تایبەتن بە کاری تاوانکاری و مۆری پەنجەی ئەو کەسانەی کە لە لایەن دادگاکانەوە داواکراون.

-پێویستە لەسەر بازرگانەکانی بەریتانیا و سکۆتلەندا و وێڵز، کۆتایی بهێنن بە ڕێوشوێنەکانی مامەڵەی کاغەزی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠١٦وە سەرۆکایەتی هەڵمەتی چوونە دەرەوەی وڵاتەکەی کرد لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، بەشێوەیەکی کرداریش پرۆسەکە لەسەر دەستی ئەو تەواو کرا و ناوی چووە مێژووە.



ڕیکلام