راگرتنی ناوەندەکانی خوێندن هەتا 16 ی مانگ درێژکرایەوە

  2021-01-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند دوای راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی نەوەی نوێی ئەو ڤایرۆسە لە هەندێک وڵات و دوای هەڵسەنگادنی دۆخەکە بڕیاردراوە بڕیارەکانی پێشوو پەیڕەو بکرێن و ناوەندەکانی خوێندن هەتا 16 ی مانگ بەداخراوی بمێننەوە.

جوتیار عادل لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندوە سەردانیکردنی بە گروپی خوێندکارانیش بۆ قوتابخانەکان ڕادەگیرێت.

هەروەها بڕیاریشدراوە لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلیكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە)، بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، تا رۆژی (2021/1/16) وەك خۆی بەردەوام دەبێت .

ڕاشیگەیاندوە ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2021/1/7) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێککەوتەش لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان .

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیاربوو ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە و بڕیار لە کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان بدات.



ڕیکلام