دەستپێنەكردنەوەی خوێندن پەیوەندی تەنها بە تەندروستیەوە نیە

  2021-01-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند ئەوان لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنن، ئاشكراشیدەكات دەستپێنەكردنەوەی خوێندن پەیوەندی بە دابەشنەكردنی موچەوە هەیە.

هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند " لەهەموو وڵاتان پرۆسەی خوێندن ڕانەگیراوە تەنها لەهەرێمی كوردستان و عێراقدا ڕاگیراوە هەڵبەتە ئەمە هۆكاری تری لەپشتەوە هەیە تەنها كۆرۆنا نیە دەسەڵاتیش خۆی ئەمە دەزانێت".

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی راگەیاند: نەبوونی موچە و نادادی لەسەر دابەشكردنی موچە و دابینكردنی بژێویی ئەمەش ئەركێكی لەكۆڵ حكومەت كردۆتەوە كە پرۆسەی خوێندن لەم وڵاتەدا ڕابگیرێت ئەمە خۆی لەخۆیدا هۆكارێكە لە هۆكاری ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن دەنا دەكرا زۆر شوێنی تر هەن بۆ نموونە یەكێك لەسەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ بووە كەبەدەیان و سەدان هاوڵاتی لەڕۆژێكدا و لەناو یەك فەرمانگەدان. 

ئەو دەشڵێت "وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لەسلێمانی لاریمان نەبووە لەدەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەژێر ڕێكاری چڕوپڕی خۆپارێزی". 

ناوبراو دەشڵێت: ئامارەكانی كۆرۆنا لە چەند هەفتەی رابردوو جێگەی دڵخۆشی ئێمەن هەروەها جێگەی دڵخۆشی دەزگا تەندروستیەكان و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانن بەڵام ئێمە دەبێت پێشبینی هەموو ئەگەرەكان بكەین كە لەداهاتوودا چی ڕوودەدەن؟ ئێمە دووجار شەپۆلی كۆرۆنامان بەخۆوە بینیووە، جارێكیان شەپۆلێكی خاوبوو، دوای ئەوە شەپۆلێكی بەهێز و ئێستا لەداكشاندایە. 

هێرش ئەوەشی راگەیاندووە "ئەگەر پرۆسەی خوێندن دەست پێ بكاتەوە پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكرێت بەوشێوەیەی كە پێشووتر هەبووە، دەكرێت ڕێكاری خۆپارێزی باش بگیرێتەبەر یاخود قۆناغە هەستیارەكان لانی كەم بچنەوە خوێندن بۆئەوەی بتوانن ئەو پرۆسەیەی كە پێی دەڵێن ئۆنلاین كە من لەگەڵ ئەوەدام 100% ئەو پرۆسەیە شكستی هێناوە لەهەرێمی كوردستاندا چونكە ئەگەر خوێندكار لەپۆلەكان نەبێت هیچ قازانجێكی نەكردووە لەو پرۆسەیەی ئۆنلاین". 

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وەك بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی داواتان كردووە پڕۆسەی خوێندن دەستپێبكرێتەوە؟ لەوەڵامدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی"بەڵی وتومانە لەژێر ڕێنمایی خۆپارێزی تۆكمەو چڕوپڕ".


ڕیکلام